قوتابخانەكانی پەروەردەی نەینەوا لە كوردستانیش دەگرێتەوە

پارێزگای نەینەواش كردی بە پشووی فەرمی

ئەرسەلان عەبدوڵا

پارێزگاری نەینەوا (موسڵ) رایگەیاند سبەی لە تەواوی پارێزگاكەی پشووی فەرمییە، پشووەكە قوتابخانەكانی سەر بە پەروەردەی نەینەواش دەگرێتەوە، كە لە هەولێر و دهۆكن.

نووسینگەی راگەیاندنی پارێزگاری نەینەوا عەبدولقادر دەخیل لە راگەیاندراوێكدا، كە كۆپییەكی دەست 964 كەوتووە، بڵاویكردەوە، سبەی لە پارێزگاكەیان پشووی فەرمییە و دەوام نییە، پشووەكە ئەو قوتابخانانەش دەگرێتەوە، كە لە پارێزگاكانی هەولێر و دهۆكن و سەر بە پەروەردەی نەینەوان.

هەروەها ئاماژەیان بەوەداوە، بڕیارەكە بۆ ئەوەیە مامۆستایان و كادیرانی پەروەردە و خانەوادەكانی موسڵ، كە لە هەولێر و دهۆكن، بتوانن بگەڕێنەوە و بەشداریی سەرژمێریی گشتی بكەن.

هەر بۆ هەمان مەبەست ئەمڕۆ لە پارێزگاكانی كەركوک و کەربەلاش پشووی فەرمی راگەیاندراوە.

بڕیارە رۆژانی 20 و 21ی ئەم مانگە پرۆسەی سەرژمێریی گشتی لە عێراق و هەرێمی كوردستان بەڕێوەبچێت، پرۆسەی تۆماركردنی داتا و زانیارییەكانیش دەستیپێكردووە.