کارەبای سلێمانی رۆژهەڵات و رۆژئاوا جیادەکاتەوە

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی دەبێت بە دوو بەشی رۆژهەڵات و رۆژئاوا، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتییەکەش دەڵێت بۆ باشتر راییکردنی کاروباری هاوڵاتیانە.

بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی زیاتر لە 338 هەزار و 680 هاوبەشی کارەبای هەیە.

سیروان محەمەد، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی بە تۆڕی 964ی راگەیاند: بڕیارەکە دوای لێکۆڵینەوەی ورد کراوە، بەتایبەت دوای زۆربوونی هاوبەشانی کارەبا و گلەیی هاوڵاتیان لە سست بەڕێوەچوونی کارەکانیان.

دەشڵێت؛ ئەو جیاکردنەوەیە کاروباری هاوڵاتیان بە تەواوی ئاسان دەکات.

بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی کارەبای رۆژهەڵات سنووری هۆبەی سیانەکانی (پارکی ئازادی، ئەزمەڕ، سەیوان، مامەیارە، مەڵکەندی، عەربەت، قەرەداغ، ماوەت، چوارتا) لەخۆ دەگرێت.

دابەشکردنی کارەبای رۆژئاوا هۆبەی سیانەکانی (کوردسات، رزگاری، راپەڕین، شەهید، سناعی(پیشەسازى)، سەرچنار، بەکرەجۆ) لەخۆ دەگرێت.