نیوسه‌ده‌ له‌ خزمه‌تى هونه‌ر بووه‌

ئه‌مڕۆ له‌ هه‌ولێر به‌ میدالیایه‌كی زێڕین رێز له‌‌ هونه‌رمه‌ند سه‌لام كۆیی گیرا

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

ئه‌مڕۆ له‌ هه‌ولێر به‌ میدالیایه‌كی زێڕین رێزلێنانێكی تایبه‌ت، رێز له‌ هونه‌رمه‌ند سه‌لام كۆیی گیرا و رێزلێنانه‌كانیش به‌خشرانه‌ خانه‌واده‌كه‌ى.

میدالیایه‌كه‌ له‌لایه‌ن پارێزگارى هه‌ولێر و رێزلێنانه‌كه‌ش له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌برایه‌تى هونه‌رى سینه‌ماى هه‌ولێر به‌خشران.

مه‌راسیمی رێزلێنانه‌كه‌ له‌دواى ئه‌وه‌ى بۆ دووه‌مجار فیلمی (كه‌واته‌ چاوه‌ڕێ به‌) نمایش كرایه‌وه‌ به‌ڕێوه‌چوو، كه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى هونه‌رى سینه‌ماى هه‌ولێر له‌ وه‌رزى زستانه‌ى چالاكییه‌كانیدا ئه‌م فیلمه‌ى نمایش كردووه‌ و تیایدا هونه‌رمه‌ند سه‌لام كۆیی رۆڵێكی سه‌ره‌كى له‌ فیلمه‌كه‌ دا ده‌بینێت.

شاخه‌وان مسته‌فا، به‌ڕێوه‌به‌رى هونه‌رى سینه‌ماى هه‌ولێر به‌ 964ـى راگه‌یاند، به‌پێویست زاندرا ئه‌م رێزلێنانه‌ بۆ هونه‌رمه‌ندى كۆچكردوو بكرێت به‌هۆى ئه‌وه‌ى نیوسه‌ده‌ خزمه‌تى به‌بوارى هونه‌رى كوردى كردووه‌.

وتیشی “دووباره‌ نمایشكردنه‌وه‌ى فیلمه‌كه‌ بۆ یادكردنه‌وه‌ و زیاتر به‌ زیندووهێشتنه‌وه‌ى رۆح و گیانى هونه‌رمه‌ند سه‌لام كۆیی بوو، كه‌ پێشتر ئه‌م فیلمه‌ له‌ وه‌رزى چالاكییه‌كانماندا نمایش كرابوو”.

ماوه‌ى زیاتر له‌ ساڵێكه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى هونه‌رى سینه‌ماى هه‌ولێر به‌پێی وه‌رزه‌كان چالاكی بۆ هونه‌رى سینه‌ما ئه‌نجام ده‌دات، له‌وانه‌ش نمایشكردنى هه‌فتانه‌ى فیلمى سینه‌مایی كوردییه‌ بێ به‌رامبه‌ر بۆ هاوڵاتیان.

به‌ڕێوه‌به‌رى سینه‌ما هه‌ولێر ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، له‌ ماوه‌ى ساڵى رابردوودا پارێزگارى هه‌ولێر هۆڵى نمایشكردنى فیلمه‌كان له‌ ئیمپایه‌ر سینه‌ا بۆ به‌كرێ گرتبوون و ئه‌مڕۆ بڕیاریدا كه‌ ساڵێكی دیكه‌ى هۆڵه‌كه‌یان بۆ به‌كرێ بگرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى به‌رده‌وامى به‌م چالاكیانه‌ بدرێت.

“سەلام کۆیی” لە ساڵی 1955 لە گەڕەکی سەعدوناوەی شاری هەولێر لەدایکبووە و زیاتر لە 50 ساڵ لە بواری شانۆ و درامادا خزمەتی هونەری کوردی کردووە. نموونه‌ى دراماکانی “هەبوو نەبوو، مەمی ئالان، رەجەب و تاپۆ هەقی چییە” لە كاره‌ بەناوبانگەکانن كه‌ هونەرمەند سەلام کۆیی رۆڵى به‌رچاوى تێدا گێڕاون و له‌ 17.8.2021 لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی هەولێر به‌هۆى نه‌خۆشییه‌وه‌ کۆچی دوایی کرد.

ئەمڕۆ هەولێر یادی هونەرمەندی كۆچكردوو جەلال سەعیدی كر...

ئەمڕۆ هەولێر یادی هونەرمەندی كۆچكردوو جەلال سەعیدی كردەوە