دیمەنی تیمەکانی مین لە دهۆک لە کاتی هەڵگرتنەوەی دووپارچە تەقەمەنی لە ناو باخێک.وێنە.دەزگای گشتی کاروباری مین
لە سنووری دهۆک
دوو پارچە تەقەمەنی لە ناو باخی هاوڵاتیەک دۆزرانەوە
توانا نەقی
لە ناو باخی هاوڵاتیەک لە ناوچەی مانگێشکی دهۆک لەلایەن تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی کاروباری مینەوە دوو پارچە تەقەمەنی دۆزرانەوە و هەڵگیرانەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، دەزگای گشتی کاروباری مین بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی ئاگادار کراونەتەوە لەو حاڵەتە تیمەکانیان کەوتوونەتە پشکنین و گەڕان بە ئامانجی دڵنیابوون و سەلامەتی خەڵکی ناوچەکە لە هەر مەترسیەک.
رێگر بێسفکی، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندیەکانی کاروباری مین و تەقەمەنی دهۆک بە 964ـی وت، ئەو هاوڵاتییە باخەکەی پاککردووەتەوە و ئەو تەقەمەنیانەی بینیوە دەست بەجێ تیمەکانی ئەوانی ئاگادار کردووەتەوە و رۆشتوونەتە شوێنەکە.
وتیشی، تەقەمەنیەکان پێکهاتوون لە گوللە هاوەنێکی 82 ملیم و مینێکی ڤاڵمار کە لەناو قوتودا شاردرابوونەوە و مێژووەیەکەی زۆر کۆن بووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، مینەکانیان هەڵگرتووەتەوە و لە کاتێکی دیکەدا لە ناوی دەبەن و بە وردی ئەو ناوچەیەش گەڕاون بۆ پارچەی دیکەی تەقەمەنی.