دوای زیاتر لە 20 کاتژمێر

تەرمی ئەو کچەی لە زێی بچووکدا خنکا دۆزرایەوە

شۆڕش قادری

دوای زیاتر لە 20 کاتژمێر بەسەر خنکانی کچێکی تەمەن 16 ساڵ لە قەزای تەقتەق، كەمێك پێش ئێستا تەرمەکەی دۆزرایەوە.

کاتژمێر 1:00ـی دوای نیوەڕۆی دوێنێ سێشەممە 12.11.2024 کچێکی تەمەن 16 ساڵ بەناوی (ل، س، ع) لە قەزای تەقتەق کەوتە ناو ئاوی زێی بچووک و خنکا.

گۆران ئەحمەد سماقە بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی کۆیە بە 964ـی وت، “دوای گەڕانی تیمەکانی غەواس و بەرگری شارستانی کۆیە و خەڵکی ناوچەکە، کەمێک پێش ئێستا تەرمەکەی لەلایەن چەند هاوڵاتییەکەوە دۆزراوەتەوە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، داوای هاوکارییان لە هیچ لایەنێک نەکرد و تەنیا خەڵکی ناوچەکە لەگەڵ تیمەکانی بەرگریی شارستانیی کۆیە دەگەڕان.

زێی بچووک کە بە قەزای تەقتەق دا تێدەپەڕێت، چەندین ماڵ لەسەر زێیەکە خانوویان دروستكردووه‌، بەشێک لەو خانووانە هیچ بەربەستێک و پەرژینێکیان نییە بۆ ئەوەی تووشی ئەو جۆرە رووداوانە نەبن.

تا ئێستا هۆکار و چۆنیەتی خنکانی ئەو کچە بەوردی نەزانراوە، بەڵام بە قسەی بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی کۆیە، ماڵی كچه‌كه‌ لەسەر زێی بچووكە و وادیارە خەریکی بەخێوکردنی پەلەوەر بووە و لە کاتی کارکردن، ئەو رووداوە روویداوە.