خەریکە مۆڵەتەکە تەواو دەبێت

هێشتا پۆستەری بەربژێرانی هەڵبژاردنی پەرلەمان بە تەواوی لانەبراون

شۆڕش قادری

هەشت رۆژی ماوە بۆ ئەو وادەیەی کە کۆمسیۆن دیاری کردووە بۆ لابردنی پۆستەر و وێنەی بەربژێرانی هەڵبژاردنی پەرلەمان کوردستان بەڵام هێشتا بەشێکیان لەسەر شەقامەکان ماون و بە تەواوی لانەبراون.

لە هەولێر و سلێمانی هێشتا بەشێكی فلێکس و پۆستەرەكان بە شەقام و ستوونەكانەوەن و لانەبراون، ئەوەش لەکاتێکدایە بە بڕیاری كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەبێت، بەربژێرەكان، خۆیان پۆستەرەكان لاببەن.

رۆژی هەینی 20.10.2024 دەنگدانی گشتیی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو و دواتر مەروان محەمەد بەڕێوەبەری لقی هەولێری کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە 964ـی وت، کاندیدەکان ماوەی یەک مانگ مۆڵەتیان هەیە بۆ ئەوەی پۆستەر و فلێکسەکانیان لەسەر شەقامەکان لاببەن، ئەگەرنا سزا دەدرێن.