قاچێکی شکاوە

کرێکارێکی شارەوانی بەحرکە لە کاتی پاککردنەوەی ئاوەڕۆ باراناو بردی

ژێوار خدر

سەر لە بەیانی ئەمڕۆ کرێکارێکی پاککەرەوەی شارەوانی بەحرکە لە کاتی پاککردنەوەی ئاوەڕۆیەکی بەحرکە، باراناو بردی و لەلایەن تیمەکانی بەرگری شارستانییەوە رزگارکرا ، بەڵام قاچێکی شکا.

شاخەوان سەعید، وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر بە 964ـی وت، کرێکارەکە ناوی محەمەد شەجاعە، تەمەنی 20 ساڵە و بە نەتەوە عەرەبە و کارمەندی پاککەرەوەی گرێبەستە لە شارەوانی بەحرکە.

وتیشی، کرێکارەکە گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە و قاچێکی شکاوە، بەڵام تەندروستی جێگیرە.

سەردار عەبدولسەلام، کارمەندی بنکەی بەرگری شارستانی بەحرکە، بۆ 964 وتی، کاتژمێر شەشی بەیانی، کرێکارەکە سەرقاڵی پاک کردنەوەی ئاوەڕۆیەکی بەحرکە بووە و ئاو بردوویەتی و لەلایەن تیمەکانمانەوە رزگار کرا.

وتیشی، کرێکارەکە لە بەردەم ئاوەڕۆی شارەوانی بەحرکە بووە، بارانەکە لەناو ئاوەڕۆکەدا بردوویەتی تا لای بازاڕی ئەمریکی، کە مەوداکەی نزیەی 100 مەتر دەبێت.