هەزار نابینا بۆ یەکەمجارە دەبینن

+964

فەهمی نەبی-هەولێر

مستەر بیست یوتیوبەرێکی گەنجی ئەمریکییە، لە نوێترین کاریدا تێچووی نەشتەرگەری هەزار کەسی لە ئەستۆ گرتووە، کە بەسەر نۆ وڵات دابەشبوون.

ڤیدیۆکەی مستەر بیست، لەماوەی سێ رۆژدا 71 ملیۆن جار سەیرکراوە.

پڕۆژەکە بەناوی “هەزار نابینا بۆ یەکەمجارە دەبینن” ئەو کەسانەی نەشتەرگەرییان بۆ کراوە جگە لە ئەمریکی، خەڵکی هەر یەکە لە وڵاتەکانی نامیبیا، مەکسیک، هیندۆراس، ئیندۆنیزیا، بەڕازیل، ڤێتنام، کینیا و جامایکان.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو ڤیدیۆیە بێت لە جیهاندا 200 ملیۆن کەس بەهەمانشێوە کێشەی بینینیان هەیە.

نابینایەک دوای نەشتەرگەری

ئەو کەسانەی لە ڤیدیۆکە دەردەکەون کاتێک یەکەمجارە دەبینن لە خۆشحاڵیدا دەگرین، هەندێک لەوان پارەشیان پێدەدرێت.

یەکێک لەو کەسانە، بەر لەئەنجامدانی نەشتەرگەری بۆی، تابلۆیەکی نیشاندەدەن کە لەسەری نوسراوە “تۆ بویتە براوەی 10 هەزار دۆلار” ئەو کەسە تابلۆکە نایبینێت، بەڵام دوای نەشتەرگەری هەمان تابلۆی نیشاندەدەن و دەیخوێنێتەوە، خۆشحاڵ دەبێت کە بووەتە خاوەنی ئەو بڕە پارەیە.

دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەریەکە

جیمی دۆناڵدسۆن، ناسراوە بە مستەر بیست، تەمەنی 24 ساڵە، لەسەر تۆڕی یوتیوب بە 131 ملیۆن سەبسکرایب بووەتە چوارەم یوتیوبەر لە رووی زۆری ژمارەی سەبسکرایبەوە.

زۆربەی ڤیدیۆکانی سەرکێشین، ئەوانەی بەشدار دەبن کۆمەڵێک سەرکێشی ئەنجامدەدەن دواتر پارەیەکی باش وەردەگرن.

مستەر بیست لە یەکێک لە ڤیدیۆکانی یەک ملیۆن دۆلاری بەخشیوە.

خاوەنی هەردوو براندی مستەربیست بەرگر MrBeast Burger و مستەربیست بۆ بەرهەمهێنانی شکولاتەیە.

لە ساڵی 2019 هەڵمەتی “تیمی درەخت”ی راگەیاند، توانی بۆ ئەو کەمپەینە 20 ملیۆن دۆلار کۆبکاتەوە، ئامانجەکە چاندنی 20 ملیۆن درەخت بوو.

لە هەڵمەتێکی تر بۆ پاککردنەوەی ئۆقیانوسەکان، 30 ملیۆن دۆلاری کۆکردووەتەوە.

لەرێگای ئەم لینکەوە ئەتوانیت سەیری ڤیدیۆکە بکەیت: