سەرژمێری دەکرێت
رۆژانی 20 و 21ـی ئەم مانگە قەدەغەی هاتوچۆیە و دەبێت لە ماڵەوە بن
964+
دیلان محەمەد جەزا
لە رۆژی 16.11.2024ـەوە تیمەکانی سەرژمێری سەردانی ماڵان دەکەن و دەست دەکەن بە پرۆسەی تۆمارکردن بۆ سەرژمێری، لە رۆژانی 20 و 21ـی ئەم مانگە قەدەغەی تەواوەتی هاتوچۆ رادەگەیەندرێت، ئەو بڕیارە تەنیا فەرمانگە خزمەتگوزاریەکان ناگرێتەوە.
شوان جەبار بەڕێوەبەری ئاماری سلێمانی بە 964ـی وت، لە رۆژانی 16 و 17 و 18 و 19ـەی ئەم مانگە تیمەکانیان سەردانی ماڵان دەکەن بۆ پرکردنەوەی فۆرمی پرسیارنامەی خێزانەکان مەرج نیە سەرجەم ئەندامانی خێزان لە ماڵەوە بن و لە رۆژانی 20 و 21ـدا جارێکی دیکە سەردانیان دەکرێتەوە دەبێت سەرجەم ئەندامانی خێزان ئامادەبن، بۆ ئەوەی تۆماربکرێن.
ئەوەی خستەڕوو، هەر تاکێکی عێراقی بۆی هەیە لە سەرجەم عێراقدا خۆی تۆمار بکات، نیگەرانیەکە لەبارەی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکانەوەیە.
وتیشی، لە پارێزگای سلێمانی پێویستیان بە حەوت هەزار کارمەند هەیە، بەڵام تا ئێستا نزیکەی 25 هەزار فۆرم پرکراونەتەوە و ئەوەش گرفتی بۆ دروستکردون.
باسی لەوەکرد، لە رۆژانی 20 و 21 دا ئەو هاوڵاتیانەی لە فەرمانگە خزمەتگوزاریەکان دەوام دەکەن و لە ئەرکدان ئاساییە لە ماڵەوە نەبن، لە کاتی سەردانی تیمەکان ئاماژەیان پێدەکرێت.
پێداچوونەوە: توانا نەقی