لە سلێمانی 400 کیلۆ ئەژدیھا لەناو برا
964+
دیلان محەمەد
ئەمڕۆ چوارشەممە لە عەلوەی سلێمانی نزیکەی 400 کیلۆ میوەی دراگۆن بەھۆی خراپ ھەڵگرتنەوە لەناو بران، سەرۆکی لیژنەکانی قایمقامیەتیش دەڵێت، دوای پشکنین دەرکەوتووە بۆ خواردن شیاو نییە.
رێکان جەمال سەرۆکی لیژنە ھاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی بە تۆڕی 964ی راگەیاند، ھەموو بەیانیەک لیژنەیەکی تایبەت سەردانی عەلوە دەکات، ئەمڕۆ لیژنەکە دەستیگرتووە بەسەر 400 کیلۆ میوەی دراگۆن.
بە وتەی سەرۆکی لیژنە ھاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی، سەرجەم ئەو میوەیە کەڕووی کردبوو، دوای پشکنین دەرکەوت شیاوی خواردن نییە و سەرجەمی لەناو برا.
میوەی دراگۆن لە دەرەوە ھاوردە دەکرێت و میوەیەکی ئاسیاییە، دەبێت لە ساردکەرەوەدا ھەڵبگیرێن، زۆرجار بەھۆی کوژانەوەی کارەبا، خراپ دەبن و بۆ خواردن ناشێن.
“ئەو جۆرە میوانە لە بازاڕدا نرخیان گرانە و چینێکی کۆمەڵگا دەیخوات، بۆیە بەردەوام چاودێریان دەکەین بۆ ئەوەی بە گران بەھاوڵاتی نەفرۆشرێت، بەڵام تێچووی ھێنان و ھەڵگرتنیان گران دەکەوێت،” رێکان جەمال وای وت.
میوەی دراگۆن (میوەی ئەژدیھا) ئەم میوەیە لە وڵاتە ئاسیاییەکان و ئەمریکا دەڕوێت و شەش جۆری ھەیە، لە شاری سلێمانی سێ جۆری بوونی ھەیە.