بارانەکەی ئه‌م دواییه كه‌موكوڕییه‌كانى خوێندنى له ته‌قته‌ق هەڵدایەوە
+964
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
بارانه به‌لێزمه‌كه‌ى ئه‌م دواییه، كه زۆربه‌ى ناوچه‌كانى هه‌رێمی كوردستانى گرته‌وه، بۆ ناحیه‌ى ته‌قته‌ق بووه هۆى ماندووبوونى تیمه‌كانى كاره‌با و به‌رگرى شارستانى، چونكه ماوه‌ى دوو رۆژ خوێندنى ئێوارانى په‌كخست و بیناى قوتابخانه‌یه‌كیشی كرده گۆماو.
به‌ڕێوه‌به‌رى په‌روه‌رده‌ى قه‌زاى كۆیه ئه‌وه‌ى بۆ تۆڕى 964 پشتڕاستكرده‌وه كه له ناحیه‌ى ته‌قته‌ق كێشه خراپی بیناى سێ قوتابخانه‌یان هه‌ن، به تایبه‌تیش له زستاندا.
مامۆستا شه‌هێن عوسمان، به‌ڕێوه‌به‌رى په‌روه‌رده‌ى كۆیه، كه ناحیه‌ى ته‌قته‌ق له سنووره‌كه‌یەتى، به تۆڕى 964ـى راگه‌یاند “له چه‌ند رۆژی رابردوودا كێشه‌ى كه‌مبوونه‌وه‌ى كاره‌با، گرفتى بۆ خوێندنى ئێوارانى ناحیه‌ى ته‌قته‌ق دروستكردبوو، به‌ڵام دواتر چاره‌سه‌ركرا”.
ناوبراو ئه‌وه‌ى ره‌تكرده‌وه كه به‌هۆى نه‌بوونى كاره‌باوه خوێندنى ئێواران له‌و دوو خوێندنگه‌یه‌ی هه‌یانه وه‌ستابێت، به‌ڵكو وتى “له‌رێگه‌ى داگیرساندنى لۆكس و لایته‌وه پۆله‌كان رووناك كراون و خوێندن تێیدا به‌رده‌وام بووه”.
له‌باره‌ى بیناى ئه‌و قوتابخانه‌یه‌ش كه به‌هۆى بارانبارینه‌وه ببووه گۆماو و خوێندن تیایدا وه‌ستابوو، به‌ڕێوه‌به‌رى په‌روه‌رده‌ى كۆیه، كێشه‌ى ئه‌و قوتابخانه‌یه‌ی بۆ بوونى بیرێكی ئاو له‌ناو قوتابخانه‌كه گه‌ڕانده‌وه و وتیشی، “پڕبوونى ئه‌و بیره‌ئاوه هۆكاری وه‌ستانى پرۆسه‌ى خوێندن بووه له خوێندنگاى ماردین له ته‌قته‌ق، به‌ڵام هه‌موو ئاماده‌كارییه‌ك كراوه بۆ ئه‌وه‌ى له داهاتوو ئه‌و حاڵه‌ته روونه‌داته‌وه”.