"منیش دەگەڕێمەوە یاریگەكان"
محەمەد دەعەیەع رەخنە لە رۆناڵدۆ دەگرێت
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
گۆڵپارێزی پێشووی هەڵبژاردەی سعودیە محەمەد دەعەیەع رەخنەی توند لە كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پۆرتوگالی و كاپتنی یانەی نەسڕ دەگرێت و دەڵێت ئاستی دابەزیوە.
دەعەیەع دوای ئەوەی شەوی رابردوو لە خولی سعودیە نەسڕ بە 1-0 گۆڵ لە یانەی ریازی بردەوە و رۆناڵدۆ گۆڵی نەكرد، لە بەرنامەیەكی تەلەڤزیۆنیدا رەخنەی لە رۆناڵدۆ گرت.
دەعەیەع ئەو گۆڵپارێزەی سعودیە بوو، كە لە مۆندیالی 2002 لە یەك یاریدا بەرامبەر ئەڵمانیا هەشت گۆڵی لێكرا، ئێستاش بە توانجەوە دەڵێت، ئەگەر ئاستی خولی سعودیە و ئەستێرەكانی بەم جۆرە بێت، رەنگە ئەویش و چەند یاریزانێكی پێشوو بگەڕێنەوە یاریكردن.
رۆناڵدۆ لەگەڵ ئەوەی تەمەنی خەریكە دەبێتە 40 ساڵ، بەڵام هێشتا بەهێز یاریی دەكات، بەڵام ئەم وەرزە تا ئێستا شەش گۆڵی كردووە، لە كاتێكدا وەرزی رابردوو بە 35 گۆڵ بووە گۆڵكاری خولی سعودیە.