داواکاری پەروەردەی قەزاکەیە

پێویستە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی هەڵەبجەی تازە تەنکی ئاوەکانیان پاک بکەنەوە

+964

ژێوار خدر

بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی شارەزوور، سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی ناو هەڵەبجەی تازە بە تایبەت خوار جووت سایدی بەردەم قوتابخانەی ئەحمەد موختار ئاگادار دەکاتەوە، پێویستە تەنکی ئاوی خواردنەوە و بەڕادەکانییان پاک بکەنەوە، چونکە ئەمشەو تا سبەی ئاوی پاکیان پێدەگات.

نەبیل حەمە ساڵح، بەڕێوەبەری پەروەردەی شارەزوور بە 964ـی وت، بۆ گرتنەبەری رێکاری پێویست لە پێناو رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری نەخۆشی سکچوون و رشانەوە، لە رێگەی لیژنەکانیانەوە بەڕێوەبەری قوتابخانەکانیان ئاگادار کردووەتەوە، کە پێویستە تەنکی ئاوی خواردنەوە و بەڕادەکانی قوتابخانەکان بشۆردرێن و پاک بکرێنەوە و جگە لەوەش لە رێگەی لیژنەکەوە چاودێری رێژەی کلۆری ئاوەکەش دەکرێت و دەبێت هاوتا بیت لەگەڵ ئەو رێژەیەی کە لیژنەکە دیارییان کردووە.

سەبارەت بە ئاماری قوتابیانی توشبوو بە نەخۆشییەکە، بەڕیوەبەری پەروەردەی شارەزوور وتی، بەدیاریکراوی ئامرێکمان لەبەردەست نییە، بەڵام ئەگەر نموونەی قوتابخانەیەکی وەک شۆڕشی بنەڕەتی وەربگرین لە کۆی 400 قوتابی 70 قوتابییان تووشبووە و ئەم رێژەیەش لە قوتابخانەیەکەوە بۆ قوتابخانەیەکی دیکە دەگۆڕێت.

وتیشی، تا ئێستا بیرمان لە راگەیاندنی پشووی قوتابخانەکان نەکردووەتەوە، چونکە رێژەی توشبووان بەمشێوەیە بەرز نییە و بەڕێوەبەری قوتابخانەکانمان راسپاردووە، کە هاوکاری قوتابییە تووشبووەکان بکەن دەوام نەکەن.

چوار رۆژە پەتایەكی گەورەی سكچوون و رشانەوە تووشی هاوڵاتیانی قەزای شارەزوور بووە و تا ئێستا بەپێی لێدوانی وەزیری تەندروستی،  1560 حاڵەتی توشبوون بە نەخۆشییەکە لە قەزاکە تۆمار کراوە، لەو ژمارەیەشدا تەنیا 70 حاڵەتیان تا ئێستا لە نەخۆشخانەدا ماونەتەوە، رەوشی تەندروستی زۆربەی نەخۆشەکان باشە و نەخۆشخانەیان جێهێشتووە، رێژەی تووشبووانیش روو لە کەمییە بەراورد بە چەند رۆژی رابردوو.

"هەر تێکەڵبوونی ئاوی پیس هۆکار نییە و رێژەی کلۆری ئاوەکەش کەم بووە"