تەنیا لەبەرئەوەی گرێبەستن نزیکەی سێ مانگە موچەیان پێنەدراوە
+964
هێڤی دێوالی-دهۆک
نزیکەی سێ مانگە، 326 کارماندی گرێبەست لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی دهۆک موچەیان پێنەدراوە، کە بە قسەی بەرپرسان، بەمنزیکانە موچەیان پێدەدرێت و گرێبەستیان بۆ نوێدەکرێتەوە.
ئەو کارمەندانە دەڵێن، لەمانگی 11ی ساڵی پارەوە موچەیان وەرنەگرتووە و تەندروستی دهۆکیش دەڵێت “دوو مانگە”.
یەکێک لەکارمەندانی گرێبەستی ئەو بەڕیوەبەرایەتیە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بۆ تۆڕی 964 قسەی کرد و وتی “نزیکەی سێ مانگە موچەمان وەرنەگرتووە، هێشتاش نازانين کەی موچەکانمان وەردەگرین”.
ئەفراسیاب موسا، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی دهۆک، تایبەت بە تۆڕی 964 وتی “کارمەندەکان ژمارەیان 326 کەسە، راستە ئەوان دوو مانگە موچەیان وەرنەگرتووە، کە مانگەکانی تشرینی دووەم و کانونی یەکەمە، بڕیارە لە داهاتی ئەم مانگە موچەکانیان بۆ خەرجبکرێت”.
دکتۆر ئەفراسیاب، ئەوەشی وت “لەبەرئەوەی فەرمانی دامەزراندن لە ساڵی 2014 وەستاوە، بۆیە حکومەت ناتوانێت فەرمانبەرانی گرێبەست دابمەزرێنێت، بەڵام بۆ ئەمساڵیش گرێبەستەکانیان بۆ نوێ دەکەینەوە”.
تۆڕی964 زانیویەتی، ساڵانی رابردوو هەموو داهاتی تەندروستی دهۆک دەگەڕایەوە بۆ حکومەت، بەڵام لە ساڵی 2022، بڕیاردرا سەدا 30ی ئەو داهاتە بگەڕێتەوە بۆ گەنجینەکانی دهۆک، لەو پارەیە موچەی کارمەندانی گرێبەستی لێدەدرێت.
ژمارەی کارمەندانی گرێبەستی کەرتی تەندروستی دهۆک 326 کەسە، هەندێک لەوان حەوت ساڵە گرێبەستن و هەندێکی تریان نۆ ساڵ.