هەولێر بۆ ئاستی جێگیر نابێت؟

زاخۆ یاریی لووتكەی خولی ئەستێرەكانی عێراقی لە هەولێر بردەوە

ئەرسەلان عەبدوڵا

لە یاریی لووتكەی گەڕی حەوتەمی خولی ئەستێرەكانی عێراق، یانەی زاخۆ لە یاریگەی خۆیدا بە ئەنجامی 3-1 گۆڵ لە یانەی هەولێری بردەوە.

یارییەكە ئەم ئێوارەیە لە یاریگەی زاخۆ كرا و تێیدا گۆڵەكانی یانەی زاخۆ ناسڕ ئەحمەد 2 گۆڵ و ئەمجەد عەتوان لە خولەكەكانی 26 و 43 و 90+5 تۆماریان كرد، تاكە گۆڵی هەولێر هێلیۆ مۆنتێرۆ لە خولەكی 89 تۆماری كرد.

یانەی هەولێر لە یارییەكەدا لە گێمی یەكەم بە ئاستێكی باش دەرنەكەوت و بە دوو گۆڵی ناسڕ ئەحمەدی یەمەنی كەوتەدواوە.

لە بەرامبەردا زاخۆ توانی ئاستێكی باش پێشكەش بكات و سوود لە یاریگە و لەو جەماوەرە زۆرەشی وەربگرێت، كە بە یاریگەیان پڕ كردبوو.

هەولێر بەهۆی یاریی نەكردنی شێركۆ كەریم و ئوسامە رەشید و هەروەها ئیڤان خالید، لاوازی پێوەدیاربوو، ئەمە جگە لەوەی تێبینیی دەكرا هێڵی بەرگریی تیپەكە وەك پێویست نەیانتوانی پارێزگاری لە گۆڵی تیپەكەیان بكەن.

بەم بردنەوەیە یانەی زاخۆ بووە 12 خاڵ و لە پلەی حەوتەمی ریزبەندییە، یانەی هەولێریش ئێستا لە پلەی نۆیەمە و 11 خاڵی هەیە.