هه‌ولێر دۆڕا و زاخۆ بردییه‌وه‌

964+
ئەرسەلان عەبدوڵڵا – هەولێر

له‌ خولی نایابی عێراق یانه‌ی هه‌ولێر شكستێكی گه‌وره‌ی دووچار بوو، یانه‌ی زاخۆش دووه‌م بردنه‌وه‌ی له‌سه‌ریه‌كی تۆماركرد.

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ له‌ گه‌ڕی 14ـی خولی نایابی عێراق، یانه‌ی هه‌ولێر له‌ شاری به‌غدا دووچاری شكست بوو، كاتێك به‌ ئه‌نجامی 1-3 گۆڵ به‌ یانه‌ی كه‌رخ دۆڕا.

یارییه‌كه‌ له‌ یاریگه‌ی كه‌رخ “یاریگای ئه‌حمه‌د رازی” به‌ڕێوه‌چوو، هه‌ولێر به‌ ئاستێكی باش ده‌رنه‌كه‌وت و سێ خاڵی یارییه‌كه‌ی له‌ ده‌ستدا.

گۆڵه‌كانی یانه‌ی كه‌رخ یوسف فه‌وزی و جه‌عفه‌ر عه‌بیس 2 گۆڵ، تۆماریانكرد، تاكه‌ گۆڵی هه‌ولێر ئه‌مجه‌د رازی له‌ خوله‌كی 90+4 تۆماری كرد.
ئه‌نجامه‌ خراپه‌كانی هه‌ولێر به‌رده‌وامه‌ و دوای ئه‌م شكسته‌ش، به‌ 13 خاڵ له‌ پله‌ی 16یه‌.

یانەی هەولێر لە گەڕی رابردووش نەیتوانی له‌ یاریگای خۆیشیدا بردنه‌وه‌ تۆمار بكات و له‌گه‌ڵ نه‌فتی به‌سڕه‌ به‌ 1-1 گۆڵ یه‌كسان بوو.

له‌ یارییه‌كی دیكه‌دا یانه‌ی زاخۆ بردنه‌وه‌یه‌كی گرنگی تۆمار كرد و به‌ ئه‌نجامی 3-1 گۆڵ له‌ یانه‌ی نه‌فتی برده‌وه‌.

یارییه‌كه‌ له‌ زاخۆ و جه‌ماوه‌رێكی زۆر ئاماده‌ی بوون، گۆڵه‌كانی یانه‌ی زاخۆ یاریزانان به‌كر جبریل كۆمبی، ئه‌حمه‌د سه‌بڕی و ره‌مه‌زان سدیق له‌ خوله‌كه‌كانی 39، 72 و 89 تۆماریان كرد، هه‌روه‌ها تاكه‌ گۆڵی یانه‌ی نه‌فت عه‌لی ره‌حیم له‌ خوله‌كی 76دا تۆماری كرد.

زاخۆ له‌ گه‌ڕی رابردووش بردنه‌وه‌ی تۆمار كرد و له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگای خۆی به‌ 1-5 گۆڵ له‌ یانه‌ی دیوانییه‌ی برده‌وه‌.

به‌مه‌ش تیپه‌كه‌ ئه‌مڕۆ دووه‌م بردنه‌وه‌ی له‌سه‌ریه‌كی تۆمار كرد.

هه‌ر له‌ خوله‌كه‌دا، ئه‌مڕۆ ئێواره‌ كاژمێر 19:30 یانه‌ی نه‌ورۆز له‌ یاریگای فرانسۆ هه‌ریری له‌ هه‌ولێر، رووبه‌ڕووی یانه‌ی دیوانییه‌ ده‌بێته‌وه‌.