رۆژی یەکلاکەرەوەیە
کلیلەکانی کامالا و ترەمپ بۆ گەیشتن بە کۆشکی سپی
964+
ژووری هەواڵ
کامالا هاریس کاندیدی دیموکراتەکان و دۆناڵد ترەمپ کاندیدی کۆمارییەکان هەریەکەیان چەند کلیلێکیان بەدەستەوەیە بۆ ئەوەی بگەنە کۆشکی سپی، ئەمانا دیارترینیانن:
کلیلەکانی کامالا
زۆری رێژەی دەنگدەران؛
کامالا هەڵمەتی ماڵ بە ماڵی بەڕێوەبردووە، 2500 کەسی تەرخان کردووە بۆ ئەوەی بچنە ماڵان و هانی خەڵک بدەن دەنگ بدەن، ئەم تیمە 600 هەزار سەردانیان کردووەو سێ ملیۆن پەیوەندی تەلەفۆنیان ئەنجام داوە.
خودی ترەمپ؛
ئەگەر کامالا بباتەوە، ئەوە هۆکاری هەرە سەرەکی ئەوەیە کە ترەمپ بەشێک لە دەنگدەرانی کۆمارییەکانی توڕە کردووە، ئەمە جگە لەوەی کامالا گرەو دەکات لەسەر جیاوازی تەمەنیان بەهۆی ئەوەی 18 ساڵ لە ترەمپ گەنجترە.
جیاوازی نێوان دوو رەگەز؛
رێژەی بەشداری ژنان ئەمجارە زۆر بەرزترە بەراورد بە جارەکانی پێشوو، ئەمەش لە بەرژەوەندی کامالایە.
کلیلەکانی ترەمپ
خەڵک ئاسوودە نین؛
راپرسییەکان دەڵێن زۆربەی خەڵکی ئەمریکا پێیانوایە وڵاتەکەیان بە ئاڕاستەیەکی راست ناڕوات، ئەمەش لە بەرژەوەندی کامالا نییە، چونکە ئەو لە دەسەڵاتدایە.
ئابوری؛
ترەمپ گرەو لەسەر گوزەران و باری ئابوری خەڵک دەکات و دەڵێت، لەسەردەمی دیموکراتەکان دۆخی ئابوری خەڵک خراپ بووە، بەپێی دواهەمین راپرسی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، 75%ی بەشداربووانی راپرسییەکە لە دۆخی ئابوری رازی نین.
پیاوان؛
راپرسییەکانی پێش هەڵبژاردن دەڵێن 55%ی پیاوان مەیلیان بۆ ئەوە هەیە دەنگ بە کاندیدێکی پیاو بدەن، ئەمەش لە بەرژەوەندی ترمپە.
دژە هاوڕەگەزخوازان؛
ترەمپ زۆر دژی هاوڕەگەزخوازییەو بەردەوام دەڵێت، دیموکراتەکان کۆمەڵگای ئەمریکییان تێکداوەو منداڵان فێر دەکەن هاوڕەگەزخواز بن، ئەمەش سوودی زۆر بووە بۆ ئەوەی دەنگەکان لە بەرژەوەندی ترمپ بن.