داتای 18 ساڵی کردووە
یونسکۆ: سەدا 90ی بکوژانی رۆژنامەنووسان سزا نەدراون
964+
ئەحمەد مستەفا
بەپێی ئاماری رێکخراوی یونسکۆ، لە نێوان ساڵانی 2006 بۆ 2024 زیاتر لە هەزار و 700 رۆژنامەنووس لە سەرانسەری جیهاندا کوژراون و لەو ژمارەیەش 90٪ـی ئەم کوشتنانە نەتواندراوە بە شێوەیەکی یاسایی چارەسەر بکرێن، یاخود بکوژان بە سزا بگەیەندرێن.
یونسکۆ داتای 18 ساڵی کردووە و بە ئاماژەدان بەوەی کە بێ سزایی دەبێتە هۆی کوشتنی زیاتر، دەڵێت، “ئەم دۆخە زۆرجار نیشانەی خراپتربوونی ململانێ و داڕمانی سیستەمی یاسایی و دادوەرییە”.
یونسکۆ لە راپۆرتێکیدا کە بە بۆنەی رۆژی، “کۆتایی هێنان بە سزانەدان لە تاوانەکان دژی رۆژنامەنووسان” بڵاوکردووەتەوە، ئۆدری ئازولای، بەڕێوەبەری گشتیی یونسکۆی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان لە راپۆرتەکەی ئەمساڵدا رایگەیاندووە، لە ساڵانی 2022 و 2023 هەر چوار رۆژ جارێک رۆژنامەنووسێک كوژراوە، تەنیا لەسەر ئەوەی ئەرکی سەرەکی خۆی، کە لێکۆڵینەوە لە راستییەکان دەکات.
ئەو وڵاتەی لە ساڵی 2022، زۆرترین تاوانی تێدا ئەنجامدراوە، مەکسیک بووە کە 19 حاڵەتی تۆمارکردووە، لە پلەی دووەمدا ئۆكراین دێت کە لە هەمان ساڵدا 11 رۆژنامەنووس کوژران، هەروەها لە ساڵی 2023، زۆرترین ژمارەی کوشتن لە فەڵەستین تۆمارکراوە، کە 24 رۆژنامەنووسی تێدا کوژراون.
دوابەدوای بڕیارنامەی ژمارە 163ـی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە 2013، رێکخراوی پەروەردەیی زانستی و رۆشنبیریی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان (یونسکۆ – UNESCO) کاریان کردووە بۆ هاندانی حکومەتەکان، کۆمەڵگەی مەدەنیی، میدیاکان و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ بەرگریکردن لە سەروەری یاسا و رێگرییکردن لە تاوانەکان دژی رۆژنامەنووسان.