کۆمپانیایەکی چینی کارەکە دەکات
پاسی مۆدێل بەرز بۆ گواستنەوەی هاوڵاتیان لە سلێمانی دابین دەکرێت
964+
شۆرش قادری
کۆمپانیایەکی چینی پاسی مۆدێل بەرز بۆ گواستنەوەی هاوڵاتیان لە ناوشاری سلێمانی دابین دەکات.
وەک ئاشکرایە هێڵی گشتیی گواستنەوە لە هەرێمی کوردستان لاوازە و کەموکوڕی زۆری تێدایە، بەتایبەتیش لە شارە گەورەکان ئەگەر ئۆتۆمبێلی تایبەتیت نەبێت، بۆ چوونە سەر کار و دەوام زۆر جار تووشی کێشە دەبیت و دوا دەکەویت.
لە شاری سلێمانیش، چەند ساڵێکە داوای گۆڕێنی پاسە کۆنەکان دەکرێت و دوای راگەیاندنی پرۆژەکەی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بۆ گۆڕینی پاسی هێڵی گەڕەکەکان، کۆمپانیایەکی چینی ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ دابینکردنی پاسی کوالێتی بەرز و گونجاو بۆ هاتوچۆکردن لە ناو شار و گەڕەکەکاندا.
بەپێی راگەیەنراوێکی ژووری بازرگانی سلێمانی، ئەمڕۆ یەکشەممە 3.11.2024 ئارام بابان، ئەندامی ئەنجومەنی کارگێڕی ژوورەکە پێشوازیکردووە لە عەبدولنور وانغ بەڕێوەبەری کۆمپانیای ژونگ تونگ بۆ فرۆشتنی بەرهەمەکانیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لە کۆبوونەوەکەدا بەڕێوەبەرانی کۆمپانیای ژونگ تونگ ئامادەیان دەربڕیوە بە دابینکردنی پاسی مۆدێل بەرز و گونجاو بۆ ناو شاری سلێمانی و لەڕووی نرخیشەوە هاوکاریان دەکەن.