"نزیکەی 15 ساڵە پشتگوێ خراون"
لە دەربەندیخان ئەو زەویانە پاک دەکرێنەوە کە بۆ پارک تەرخانکراون
964+
شۆڕش قادری
لە دەربەندیخان هەڵمەتێکی پاککردنەوە و ئامادەکردنی ئەو زەویانە دەستیپێکردووە کە نزیکەی 15 ساڵە تەرخانکراون بۆ پارک، بەڵام پشتگوێ خراون.
سلێمان محەمەد قائیمقامی دەربەندیخان بە 964ـی وت، “بەردەوامین لە خزمەتکردنی ژینگەی شاری دەربەندیخان و لەو چوارچێوەیەشدا هەڵمەتێکمان دەستپێکردووە بۆ پاککردنەوە و ئامادەکردنی ئەو زەوییانەی کە ماوەی چەن ساڵێکە دانراون بۆ پارک و کاریان بۆ نەکراوە و بەجێهێڵراون”.
“ئەو زەویانە 10 بۆ 15 ساڵ دەبێت تەرخان کراون بۆ پارک و بوونەتە موڵکی حکومەت، بەڵام بەداخەوە پشگوێ خراون و کەس کاری تێدا نەکردووە”، سلێمان محەمەد وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەسەر ئەرک و تێچووی خۆیان شۆفڵ و ئامێری پاککردنەوەیان لە بازاڕ بەکرێ گرتووە و دەستیان کردووە بە خاوێنکردنەوەی زەوییەکان.
قائیمقامی دەربەندیخان وتیشی، لە داهاتوودا بەپێی توانا و هەبوونی بودجەی پێویست، کاری جدی دەکرێت بۆ دروستکردنی ئەم پارکانە و خزمەتکردنی زیاتری پارکەکانی ناوشار و نەمامی گەورە و شیاویان تێدا دەنێژرێت.