لە رۆژئاوای کوردستانەوە هاتوون و قژی منداڵان چاک دەکەن
میدیازان – شۆڕش عەبدولستار – هەولێر
گرووپەکە ماوەی دوو ساڵە ئەو کارە دەکەن و هەر ساڵەی لە سنووری پەروەردەیەک دەمێننەوە. ئەمساڵ لە ناحیەی بەحرکە، کە سەر بە پەروەردەی عەنکاوەیە لە ٢٠٦ خوێندنگای سنوورەکە کارەکەیان ئەنجام دەدەن.
“ئەم کارەمان تەنها بۆ هاوکارییە و جیاوازییش ناکەین لەنێوان خوێنکاری کچ و کوڕدا، چونکە یەکێک لە گرووپەکەمان کچە و ئەویش ئەو کارە دەکات”، ئەمە وتەی جوان حەمدۆ، سەرپەرشتیاری گرووپەکەیە کە بۆ میدیازان قسەی کرد.
گرووپێکی بیست کەسی گەنج لە کوردستانی ڕۆژئاواوە هاتوون و قژی منداڵانی قوتابخانەکانی سنووری پەروەردەی عەنکاوە چاک دەکەن، رۆژانە قژی ١٠٠ منداڵ چاک دەکەن.
وتیشی: “دوو ساڵە بەردەوامین و رۆژانە قژی ١٠٠ منداڵ چاک دەکەین و ئەمساڵ تا ئێستا چوار خوێندنگامان بەسەر کردووەتەوە، رۆژانەش مەرج نییە هەر ٢٠ کەسەکەمان ئەم کارە بکەین و هەرکەس دەرفەتی هەبوو دێت و گرووپی بچووک و گەورە دروست دەکەین.”
گرووپەکە کە تەمەنیان لە نێوان ١٦ بۆ ٣٣ ساڵیدایە، تەنیا لە وەرزی خوێندندا ئەو کارە دەکەن و خۆشیان دانیشتووی شاری هەولێرن.
محەمەد حازم، مامۆستای خوێندنگای پێشمەرگەی بنەڕەتی لە ناحییەی بەحرکە بە میدیازانی وت: “ئەم کارەیان پیرۆزە و ئێمە پێشوازییان لێ دەکەین، منداڵانی خوێندنگاکەمان زۆرینەیان کەمدەرامەتن و ئەوەش هاوکارییەکە بۆ ئەوان.”