هەڵمەتی لابردنی عارەبانەکانی سەر شەقام دەستیپێکرد
میدیازان – شۆڕش هەرکی – بەحرکە
شارەوانی بەحرکە لەهەڵمەتێکی بهرفروانی دهست پێكردووهو بهدرێژایی سێ كیلۆمهتر سەدان کەپرو عەرەبانەی سەر شەقام لادهبات.
ئەمڕۆ پێنج شەممە، شەشی تشرینی یەکەم، شارەوانی بەحرکە هەڵمەتی لابردنی کەپرو عەرەبانەکانی سەر شەقام و شۆستەی دووسایدی شارەکەی دەست پێکرد.
پەیامنێری میدیازان لە بەحرکە دەڵێ، لەسەرەتای دووسایدی چوون بۆ ناو بەحرکە لەلای سەما مۆڵەوە تا دەگەیتە وێستگەی وەستانی پاس لە کۆتایی دوو سایدەکە کە زیاتر لە سێ کیلۆمەتر دەبێت، سەدان کەپرو عەرەبانە لەسەر شۆستەو شەقامەکان هەن.
مەموند عەبدولوەهاب بەڕێوەبەری شارەوانی بەحرکە دەڵێ، ئەو کەپرو عەرەبانە ببوونە هۆی ناشرینکردنی سیمای شەقام و ناحیەکە. زیاتر وتی “ئەو هەڵمەتە بەردەوام دەبێت”.
هادی خەسرۆ، یەکێک لەو کەسانەی ماوەیەکی زۆرە کەپری هەیە دەڵێ، ئەوە یەکەمجار نیە شارەوانی دەرمان دەکات و ناهێڵێت کاسبی بکەین، پێشتریش چەندینجاری تر شارەوانی بەهۆکاری جیاجیا کەپرەکانی تێکداوە.
زیاتر وتی “بەشی زۆری هەڵمەتەکانی شارەوانی لەسەر سکاڵای دوکاندارانە لەسەر کەپرو عەرەبانەکان، بەمەش سەدان کاسبکار بێ کار دەمێنێتەوە”.