پاروتان کەوتە رۆنەوە

ئیتر بە ئاسانی دەتوانی بگەی بە پڕژێ

ئاکام غەفوور – سۆران

رێگای پڕژێ نۆژەن دەکرێتەوە، ئەو شوێنانەی کە چاڵ و چۆڵییان تێدایە چاک دەکرێن، بەمەش، هەم گوندنشینان هەم گەشتیار و هەم جوتیاران پاروویان دەکەوێتە رۆن و لە کۆڵ رێگا خراپەکە دەبنەوە.

هەر لە ناوپردان، تا دەگەنە پڕژێ، لە هەر شوێنێ رێگاکە تێک چووبێت چاک دەکرێتەوە، کە بەهۆی بەفر و باران رێگاکە بە جۆرێک تێکچووە، بۆ ئۆتۆمبێلی بچوک ئەستەم بوو بگات بە پڕژێ و وێزێ، کە رێگای نزیکەی 10 گوندی لەسەرە و بەڕێوەبەرایەتيی چاککردن و پاراستنی رێگاوبانی سۆرانیش دەڵێت، لە سەر بودجەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، نزیک 280 ملیۆن دیناری بۆ تەرخان کراوە.

خوسرەت سادق، بەڕێوەبەری چاککردن و پاراستنی رێگاوبانی سۆران بە 964ـی وت، “بەشی سەرەکی ئەو رێگایەی کە چاک دەکرێتەوە، دەکەوێتە نێوان ناوپردان-ئێنێ، بە چاککردنی رێگاکە گوندنشینان و گەشتیار و جوتیاران سوودمەند دەبن، کە ژمارەیەکی زۆر گوند لەسەر ئەو رێگایەن، لە وەرزی هاویندا جوتیارێکی زۆر کاروباری رۆژانەیان لەسەر ئەو رێگایەیە، جگە لەوەش شوێنێکی گرنگیی گەشتیارییە”.

لە نزیکی گوندی خۆشکان، رێگاکە داڕماوە کە بۆ هاتوچۆکردنی سەیارەی بچووک ئەستەمە، بەڕێوەبەرەکەی رێگاوبانی سۆران وتی، شوێنەکە چاکدەکرێت و دیواری پاڵپشت بۆ رێگاکە دروستکراوە، خاکی رێگاکە گۆڕدرا بە بەرد و پڕمان کردەوە، بۆ ئەوەی جارێکیتر تووشی داڕمان نەبێت.

پڕژە یەکێکە لە ناوە دیارەکانی سنووری قەزای چۆمان، چوار وەرزەی ساڵ بەفری لێیە، ئەمەش وایکردووە لە چوار وەرزی ساڵ گەشتیاران لە ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی کوردستان سەردانی ناوچەکە بکەن، بەفر و کەشی سارد و فێنکیی ناوچەکە و سروشتەکەی ببینن.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا