سلێمانی.. سندوقێکی هاوکاری بۆ کەمئەندامان دادەمەزرێت

+964

رێژوان مامە قادر – سلێمانی

حەوت رێکخراوی خاوەن پێداویستی تایبەت سندوقێکیان بەهاوکاری ژووری بازرگانی سلێمانی و مەکتەبی رێکخراوەکانی یەکێتی دادەمەزرێنن بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری و کۆمەک.

سندوقەکە لەلایەن ئەنجومەنی باڵای رێکخراوە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان کە پێکهاتوون لە رێکخراوی کورتەباڵاکان، نابیناکان، نابیستەکان، توشبووانی تالاسیمیا، توانابەخش، یەکێتی کەمئەندامان و کۆمەڵەی رۆژ.

سامان حوسێن، لێپرسراوی گشتی یەکێتی کەمئەندامان بە تۆڕی964ـی وت، دوێنێ یەکەم کۆبونەوەیان کردووەو لەم هەفتەیەدا کۆبونەوەی دووەم لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی و سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا و هەروەها قائیمقامییەت و مەکتەبی رێکخراوەکان و چاودێری دارایی دەکرێت بۆ ئەوەی بەرنامەیەک دابنێن بۆ دانانی سندوقەکە.

سامان دەشڵێت: هیوادارن پێش هاتنی مانگی رەمەزان، سندوقەکە بۆ رای گشتی ئاشکرا بکەین تاوەکو وەبەرهێن و کەسایەتییەکان هاوکاریان بکەن.

بە قسەی لێپرسراوی گشتی یەکێتی کەمئەندامان، تا ئێستا میکانیزمی کۆکردنەوەی پارەکە دیارینەکراوە، پلان ئەوەیە لەگەڵ راگەیاندنی سندوقەکە ژمارە بانکیەکەشی ئاشکرا بکەن.

سامان حوسێن، باس لەوەدەکات ئەوان بەردەوام هەوڵیانداوە و داوای هاوکاریان لە بازرگانان و سەرمایەدارەکان کردووە بەتایبەت لە ئێستادا کە وەرزی سەرمایە و کەمئەندامان زیاتر پێویستیان بە هاوکارییە بۆ ئاوەدانکردنەوەی ماڵەکانیان.