بەغداییەکان پشت لە پزیشک و روو لە هەنگوین دەکەن

+964

بەشی عەرەبی

چاکبوونەوە بە هەنگوینی سروشتی بەغداییەکانی سەرسامکردووە، لەگەڵ ئەوەی هیچ پەیوەندییەکی روون لە نێوان هەنگوین و زۆرێک لە نەخۆشی و کێشە تەندروستییەکاندا نییە، بەڵام بووەتە خوازراوی بەغداییەکان.

زۆرێک لە دانیشتووانی بەغدای پایەخت بۆ چارەسەری نەخۆشییەکانیان پەنا دەبەنەبەر بەکارهێنانی هەنگوینی سروشتی، خەریکە ئەمە شوێن بە چارەسەری پزیشکی باو لێژدەکات.

پەنابردنە بەر هەنگوین وەک چارەسەر لەلایەن بەغداییەکانەوە، وایکردەووە ژمارەی کورەی هەنگ و فرۆشگای تایبەت بە هەنگوینی سروشتی زۆرببن، کە ئەمەش وایکردنەوە ئارەزووی چاکبوونەوە بە هەنگوین لای خەڵكی زیاتربکات.

عەباس ئەحمەد، هاوڵاتییەکە بۆ تۆڕی964 قسەی کردووە و دەڵێ: تووشی نەخۆشی کۆئەندامی هەرس بووم، چوومە لای زۆرێک لە پزیشکان بەڵام نەیانتوانی چارەسەرم بکەن.

“یەکێک لە هەنگەوانەکان جۆرێك لە هەنگوینی سروشتی بۆ نووسیم و کە خواردم نەخۆشییەکەمی چارەسەرکرد”.

ئەگەرچی هەنگوین لە قورئانی پیرۆزیشدا وەک شیفا هاتووە، بەڵام هێشتا لە زانستی پزیشکی و تەنانەت توبی نەبەویش ئەوە روون نەکراوەتەوە کە بۆچی نەخۆشییەک دەبێتەوە شیفا.

جگە لە دیوە ئایینییەکە، جۆرێکی دیکە لە پزیشکی میللی هەیە کە لە کۆمەڵگەیەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی دیکە جیاوازە، ئەو کەرەستانەشی بەکاریدەهێنن گیا دەرمانی ئەو دەڤەر و ناوچەیە کە خەڵکەکە تێیدا دەژین و لە دێرزەمانەوە ئەزموونیان کردووە.

عەبید ئەلمەسعودی، خاوەنی فرۆشگایەکی هەنگوینە لە بەغدا بۆ تۆڕی964 وتی “لە پەنجاکانی سەدەی رابردوو ئێمە هەنگوینی سروشتی بەرهەمدەهێنین و لەوکاتەوە تا ئێستا کورە هەنگەکانمان لە کاردان”.

کورەکانی بەرهەمهێنانی هەنگوین لە بەغدا، هەنگوینی رەش، هەنگوینی سەوز، هەنگوینی ئەلەسدر، هەنگوینی مزرەمەنییەکان و چەندانی تر، بەرهەمدەهێنن.

“هەنگوینی مزرەمەنییەکان بۆ چارەسەری کۆئەندامی هەرس بەکاردێت، هەنگوینی سەوزیش بۆ نەخۆشی شەکرە”. عەبید وادەڵێت، باس لەوەشدەکات کە هەنگوینیان هەیە بۆ چارەسەری نەخۆشی ئێسک و جومگەکان بەکاردێت.

دەشڵێت: باشترین هەنگوین، ئەو هەنگوینەیە کە لە کورە هەنگەکانی شاخەکان بەدەستمان دەگات، بەتایبەت هەنگوینی قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک.

بەرهەمهێنانی جۆری نوێ لە هەنگوین، پێویستی بە بەخێوکردنی جۆری نوێ هەیە لە هەنگ و لەڕێی گوڵ و ڕووەکی سرووشتییەوە خۆراکی بۆ دابینبکرێت.

نرخی کیلۆیەک هەنگوین لای ئێمە لە 30 هەزارەوە دەستپێدەکات تاوەکو 200 هەزار، هەنگوینی رەش زۆرترین داواکاری لەسەرە لەلایەن خەڵکییەوە.

ئەحمەد ئەلعەزاوی، پزیشکی پسپۆڕ لەبارەی بەکارهێنانی هەنگوین وەک چارەسەر بۆ هەندێک لە نەخۆشییەکان قسەی بۆ تۆڕی964 کردووەو دەڵێ: هەنگوین کلیلی چارەسەری هەموو نەخۆشییەک و هەموو کاتێک نییە، نەخۆشی هەیە پێویستی بە دەستێوەردانی ناوەوە و  نەشتەرگەری گەورە هەیە بۆ نەهێشتنیان.

زیاتر وتی ” ئامۆژگاری من بۆهاوڵاتییانی نەخۆش ئەوەیە کە پێش ئەوەی پەنا ببەن بۆ چارەسەری جێگرەوە، دەبێت سەردانی نەخۆشخانە و دکتۆرەکان بکەن”.

لەگەڵ ئەوەی هەنگوینی سروشتی بە ڤیتامین و پڕۆتین دەوڵەمەندە، بەڵام لە تەواوکەرە خۆراکییە دەستکردەکاندا بوونی نییە.