نیسان‌و كیا دڵخوازی‌ خه‌ڵكی‌ رانیه‌ن

بازاڕ کزەو نرخ بەرزە

پێشانگای ئۆتۆمبێل

میدیازان – ژیوار خالید – رانییە

بازاڕی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل لە ئیدارەی ڕاپەڕین کزە و خاوەنی پێشانگاکانی ئۆتۆمبێلیش دەڵێن، نرخی ئۆتۆمبێل بەرزە.

لوقمان هاشم هەرتەلی، خاوەنی پێشانگای جەزیرەی یەک لە پێشانگای کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل لە شاری چوارقووڕنە بە میدیازانی ڕاگەیاند: ئاڵۆزییەکانی عێراق کاریگەریی لەسەر کزیی بازاڕی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل هەبووە، ئەوە سەرەڕای قەیرانە بەردەوامەکانی تری کوردستان لە بێکاری و نەبوونی کار و هەژارییەکی زۆر.

باسی لەوەش کرد، سەرەڕای بێبازاڕییەکە هێشتا نرخی ئۆتۆمبێلیش لەچاو شەش مانگ پێش ئێستا لەنێوان هەزار و ٥٠٠ بۆ دوو هەزار و ٥٠٠ دۆلار بەرز بووەتەوە.

ئەمساڵ وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم بڕیاری دا ئۆتۆمبێلی مۆدێل ٢٠٢٠ داخڵی هەرێمی کوردستان نەکرێت، بە بڕوای لوقمان هاشم هەرتەلی ئەوەش یەکێکە لەو هۆکارانەی نرخی ئۆتۆمبێلی بە بەرزی هێشتووەتەوە.

ئەو خاوەن پێشانگایە ڕوونیشی کردەوە، لە دەڤەرەکە ئەو سەیارانە خواستیان زۆر لەسەرە، کە نرخەکەیان لەنێوان ٧ هەزار دۆلار بۆ ٩ هەزار دۆلاردان، بەتایبەت لە جۆرەکانی نیسان تیدا و نیسان ڤێرسا و هەندێ ئۆتۆمبێلی کیا.