به‌ هه‌زاران بەڵگە و دۆکیۆمێنت له‌سه‌ر كوردانى ئێزدی ئاماده‌كراون

+964

فه‌رهاد حه‌سه‌ن – هەولێر

زیاتر له‌ سێ هه‌زار و 500 به‌ڵگه ‌و دۆكیۆمێنتى تایبه‌ت به‌ رزگاربووانى ده‌ستى داعش ئاماده‌كراوه،‌ بۆ هه‌ر لایه‌نێكی نێوده‌وڵه‌تى، كه‌ بیه‌وێ تاوانى دژ به‌ ئێزدیه‌كان به‌ جینۆساید بناسێنێ .

سعوود مستۆ نه‌جم، بەرپرسی كاروبارى ئێزدییه‌كان له‌ وه‌زاره‌تى ئه‌وقاف و كاروبارى ئایینی هه‌رێم، به‌ تۆڕى964ـی راگه‌یاند، ماوه‌یه‌كه‌ كار بۆ به‌دۆكیۆمێنتكردنى ئه‌و تاوانانه‌ ده‌كرێت، کە دژ بە هاوڵاتیانی ئێزدی کراون، وتیشى “سێ هەزار و 562 به‌ڵگه‌ و دۆکیۆمێنت به‌ شێوه‌ی ستانداردى نێوده‌وڵه‌تى له‌سه‌ر تاوانى دژ به‌ ئێزدییه‌كان ئاماده‌كراون”.

ئه‌وه‌شی روونكرده‌وه‌، ئه‌و به‌ڵگه‌ و دۆكیۆمێنتانه‌ بریتیین له‌ وته‌ى یه‌كه‌به‌یه‌كه‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ رزگاربووى ده‌ستى داعشن، له‌ رێگه‌ى ده‌نگ و ره‌نگه‌وه‌ تۆمار كراون”.

به‌پێی قسه‌ى بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی کوردانی ئێزدیش لە دەستی داعش، ته‌واوى ئه‌و بەڵگانه‌ بەدیجیتاڵی کراون .

حوسێن قائیدى به‌رپرسی ئه‌و نووسینگه‌یه‌ پێشتر به‌ میدیاكانى وتبوو، هەر لایەنێک بۆ بەجینۆساید ناساندنی تاوانی دژی کوردانی ئێزدی بیەوێت، پێشکەشیان دەکرێت و تا ئێستاش زۆر لایەن سوودیان لەو بەڵگانە وەرگرتووە.

به‌پێی زانیارییه‌كانى تۆڕى964، له‌و پاكتاو و ره‌شبگیرییه‌ى كه‌ خێزانه‌ ئێزدییه‌كان به‌ده‌ستى داعش رووبه‌ڕووى بوونه‌وه،‌ نزیكه‌ى شه‌ش هه‌زار و 162 كه‌س له‌ ته‌مه‌ن و ره‌گه‌زى جیاواز بێسه‌روشوێنكران و تا ئێستا چاره‌نووسى دوو هەزار و 600 کەس نادیاره‌ و تا ئێستا رزگار نه‌كراون.