له‌ راپه‌ڕین هه‌ر گه‌نجه‌ و خه‌ریكی‌ كۆچكردنه‌

میدیازان – مەجید بیتوێنی – ڕانییە

كۆچی‌ گه‌نجانی‌ راپه‌ڕین ئه‌م ماوه‌یه‌ به‌گه‌رموگوڕی‌ په‌ره‌ی‌ سه‌ندووه‌، ئه‌گه‌ر داتای‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ په‌نابه‌ران راست بێت ته‌نیا ئه‌مساڵ دوو هه‌زار گه‌نج له‌و ناوچه‌یه‌وه‌ كۆچیان كردووه‌.

هیوا محەمەد، گەنجێکی دانیشتووی شاری ڕانییەیە، بە میدیازانی وت: “بێکارییەکی زۆر لەم دەڤەرە هەیە، هیچ کارگەیەکی گەورە لێرە بوونی نییە، بۆیە هەمووان دەیانەوێت شوێنی شایستەتر بدۆزنەوە و ئەو جێگەیەش ئەورووپایە.”

بە پێی ئاماری کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەورووپا کە بە میدیازان دراوە، لە دوو ساڵی ڕابردوودا ٥٠ هەزار هاووڵاتیی هەرێم بەرەو ئەورووپا کۆچیان کردووە و لەو ژمارەیەش ١٤ هەزاریان دانیشتووی ئیدارەی ڕاپەڕینن، ئامساڵیش تا ئێستا دوو هەزار گەنجی تر کۆچیان کردووە.

سەردار عەبدوڵڵا، سکرتێری کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەورووپا بە میدیازانی ڕاگەیاند: ئەمساڵ دیاردەیەکی تر دەرکەوتووە ئەویش ئەوەیە خێزانەکان بە کۆمەڵ کۆچ دەکەن و وەک جاران نەماوە تەنها گەنجانی خێزانەکە بەرە وڵاتانی ئەورووپا بڕۆن.

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ٤١ گەنجی ئیدارەی ڕاپەڕین لە ڕێگەی کۆچدا گیانیان لە دەست داوە و چارەنووسی ٢٩ کۆچبەری تریش دیار نییە.

“پیشبینی دەکرێت لێشاوی کۆچ لە ئیدارەی ڕاپەڕین زیاتر بەرز ببێتەوە.” سەردار عەبدوڵڵا وای وت.