رۆژانە چەند هەزار تۆن زبڵ کۆدەکرێتەوە؟

لە رۆژێکدا هەر تاکێکی کوردستان زیاتر لە 11 کیلۆ زبڵی هەیە

شۆڕش قادری

لە رۆژێکدا هەر تاکێکی کوردستان زیاتر لە 11 کیلۆ زبڵی لەپاش جێدەمێنێت و لە تەواوی هەرێمی کوردستانیش، رۆژانە نزیکەی شەش هەزار و 830 تۆن خۆڵ و خاشاک کۆدەکرێتەوە.

بەپێی راپۆرتێكی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێم، “تەنیا لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا، زیاتر لە 660 ملیار دینار بۆ كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك خەرج كراوە و رۆژانە زیاتر لە دوو هەزار و 700 ئامێری مامناوەند و قورس كار لەو پرۆسەیەدا دەكەن”.

ئاماژە بەوەشکراوە، لەئێستادا بڕی خاشاکی کۆکراوە لە رۆژێكدا شەش هەزار و 829 تۆنە و بڕی خاشاکی دروست بوو بۆ هەر تاکێک لە رۆژێکدا بە نزیکەی 11.1 کیلۆگرام دەخەمڵێندرێت.

هەر بەپێی راپۆرتەكە، پڕۆژه‌کانی خاوێنکردنه‌وه‌ و کۆکردنه‌وه‌ و گواستنه‌وه و داپۆشینی خاشاک بۆ 36 زۆن دابەشکراوە كە رۆژانە نۆ هەزار و 200 كەس وەک هێزی کار بەشدارن لە پڕۆسەی کۆکردنەوەی خاشاکدا.

وه‌زاره‌تی شارەوانی و گەشتوگوزار دەشڵێت، “تەنیا لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا نزیکەی 28 هەزار هەلی کار لە بواری كۆكردنەوەی خاشاكدا بۆ هاوڵاتیان رەخسێندراوە”.