یه‌كێتى مامۆستایان: بێده‌نگ نابین

بڕیارێکى دادگاى فیدڕاڵى 8000 مامۆستا‌ى خوێندنى كوردى له‌ كه‌ركوك بێهیوا کرد

فەرهاد حەسەن

دادگاى باڵاى فیدڕالى له‌ به‌غدا بڕیارێكی له‌باره‌ى گواستنه‌وه‌ى راژه‌ى مامۆستایان خوێندنى كوردى له‌ كه‌ركوك ده‌ركرد، مامۆستاكان پێی دڵخۆش نه‌بوون و بێهیوای کردن، به‌ڵام یه‌كێتى مامۆستایانى كوردستان ده‌ڵێت، بێده‌نگ نابن و پێویسته‌ راژه‌ى ئه‌و مامۆستایانه‌ بگوازرێته‌وه‌ سه‌ر وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ى عێراق.

بڕیاره‌كه‌ دواى ئه‌و سكاڵایه‌ دێت كه‌ نۆ مامۆستا و فەرمانبەرانی خوێندنی كوردی، لە رۆژى 2.9.2024 داوایان كردبوو راژەكانیان بگوازرێتەوە بۆ سەر بەڕێوەبەرایەتی گشتی خوێندنی كوردی سەر بە وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی عیراق و سكاڵاكه‌شیان لە دژی هەردوو سەرۆك وەزیرانی عێراق و هەرێمی كورستان و سەرۆكی پەرلەمانی عێراق تۆمار كردبوو.

بڕیاره‌كه‌ى دادگاى فیدڕاڵى دوێنێ ده‌رچوو، ئه‌وه‌ى رەتكردەوە كه‌ دۆسییەی گواستنەوەی راژەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی خوێندنی كوردی لە وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بۆ سەر وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی فیدراڵ، ئه‌نجام بدرێت و له‌ناوه‌ڕۆكى بڕیاره‌كه‌شدا هاتووه‌ كه‌ “ئەوە لە تایبەتمەندی و پسپۆڕی ئێمەدا نییە”.

ئه‌حمه‌د سابیر گه‌رمیانى، سه‌رۆكى یه‌كێتى مامۆستایانى كوردستان به‌ 964ـى راگه‌یاند، ئه‌وان بێده‌نگ نابن له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م بڕیاره‌ى دادگا و بڕیاره‌كه‌شی به‌ “نادادپه‌روه‌ر” پێناسه‌كرد.

وتیشی “پێشتر له‌ كارنامه‌ى حكومه‌تى سودانى گواستنه‌وه‌ى ئه‌م مامۆستا و فه‌رمانبه‌رانه‌ هاتووه‌، به‌ڵام دواتر له‌لایه‌ن هه‌ندێك په‌رله‌مانتارى تووندڕه‌وى عێراقه‌وه‌ دژى وه‌ستانه‌وه‌”.

ژماره‌ى مامۆستا و فه‌رمانبه‌رانى خوێندنى كوردى له‌ كه‌ركوك هه‌شت هه‌زارن، له‌و ژماره‌یه‌ شه‌ش هه‌زار و 500 مامۆستان هه‌زار و500 یشیان فەرمانبەری پەروەردەن.