تائێستا عەلوەی کاتییان هەبووە
بڕیارە ساڵی داهاتوو پڕۆژەی عەلوەی سەوزە و میوەی پێنجوێن تەواو ببێت
964+
کامیار کەمال – پێنجوێن
پرۆژەی عەلوەی نوێی سەوزە و میوەی پێنجوێن کە ماوەی دوو ساڵە کاری تێدا دەکرێت، بڕیارە سەرەتای ساڵی داهاتوو کارەکانی کۆتایی بێت.
بە کردنەوەی، عەلوەکە دەبێتە تاکە عەلوەی فەرمی پێنجوێن و عەلوە کاتیەکانی پێنجوێن ناهیڵدرێت و هەمووی لەیەک جێگا کۆدەکرێنەوە.
هێمن خالید سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە بە 964ـی راگەیاند، کارکردن لە عەلوەکە بەردەوامە و بڕیارە لە 1.3.2025 کارەکانی تەواو بکرێت و رادەستی کڕیارەکان بکرێت و دەستبکرێت بە کاری ئاڵوگۆڕی سەوزە و میوە لە عەلوەکە و ئەمڕۆش چەند یەکەیەکیان لە عەلوەکە فرۆشتووە.
وتیشی، عەلوەی پێنجوێن پێکدێت لە 28 قاتعی عەلوە و ساردکەرەوەیەکی تایبەت بە هەموو عەلوەکە و هەر قاتعێکیش لەسەر رووبەری 140مەترە و بەشێوازێک دروست دەکرێت کە بەرگەی سەرمای پێنجوێن بگرێت و جێگای مانەوەشی تێدا دەبێت بۆ ئەو بازرگان و کڕیارانەی لە دەرەوەی پێنجوێنەوە دێنە قەزاکە و لە عەلوەکەشدا گۆڕەپانی تایبەتی بە شوتی و تەماتە هەیە.
هێمن ئەوەشی خستەروو، کۆمەڵێک خاڵ لە عەلوەکە رەچاوکراوە و ئەو کەسانەی کە پێشتر خاوەن عەلوەی کاتی بوون لە پێشینەن بۆ کڕینی عەلوەکان و دواتریش جوتیاران تاوەکو بتوانرێت هەلی کار لە ناو قەزاکە زیاتر بکرێت.
“عەلوەکە هەموان لە جێگایەک کۆدەکاتەوە و مەترسی لەسەر ژیانی کاسبکاران ناهێڵێت چونکە عەلوە کاتیەکان بەچەند مەترێک لە رێگای سەرەکی پێنجوێن – گەرمک دانراون و چەندین جار روودای نەخوازراوی لێکەوتوەتەوە” هێمن وای وت.
لەلایەکی دیکەوە عەزیز سەعید بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، دەبێت کارەکانی عەلوەکە بە خێرایی بچێتە پێشەوە و تا تەواو بکرێت و بکرێتەوە بە رووی جوتیاراندا.
وتیشی، رووبەری عەلوەکە بە نزیکەی 20 دۆنمێک دەبێت و فراوانتریش دەکرێت و حسابی ئەوەش کراوە کە بتوانێت ئاڵوگۆڕی تەواوی بەرهەمەکانی پێنجوێنی تێدا بکرێت بە تایبەت لە وەرزی هاویندا.
ساڵانە لە وەرزی هاویندا بازرگانانی عەرەب دێنە قەزای پێنجوێن بۆ کڕینەوەی بەرهەمی کشتوکاڵی و پێنجوێنیش تا ئێستا عەلوەی نەبووە و هاوڵاتیان بە کاتی عەلوەیان لەسەر جادە دادەنا.
پێداچوونەوە: توانا نەقی