25 هه‌زاری ته‌زویر مه‌ترسی دروست كردووه‌

964+
دیسکی عەرەبی – ناسڕییه‌

25 هەزار دیناری ساختە خەڵكی ناسڕییەی نیگەران كردووه‌، نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراویش دەخاتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.

ئه‌مڕۆ دووشەممە 31ی کانونی دووەم، هاوڵاتیان و خاوەن نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە ناسڕییە دەستیان کرد بە وردبینیکردن و پشکنینی پارەی کاغەزی جۆری 25 هەزار دیناری عێراقی، ئەمەش دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆیەک، کە تێیدا پارەی ساختەکراوی عێراقی لەناو بازاڕەکاندا دەستاودەستی پێکراوە.

حارس موحسین خاوەن نووسینگەی ئاڵوگۆڕی دراو بە تۆڕی 964ی راگەیاند، ئەو ڤیدیۆیەی چەند رۆژێک لەمەوبەر بڵاوبووەوە، بووە هۆی دروستبوونی حاڵەتی دڵەراوکێ لای خاوەن نووسینگەکان، ئەمەش وایلێکردن هەموو ئەو پارانەی لە جۆری 25 هەزارین بیپشکنن.

وتیشی، دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکە، خەڵکەکە بە لێشاو بەرەو نووسینگەکان چوون تا پارەکانیان لە جۆری 25 هەزاری بپشکنن.

خاوەن نووسینگەکان چه‌ند هەنگاوێکی خۆپارێزییان ده‌ستپێكردووه‌، بەپشتبەستن بە ئامێری پشکنینی دراو بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتیی پارەکانیان.

حارس موحسین، ئه‌وه‌ی ئاشكرا كرد، کاری وردبینییەکان دەریخست، بڕێک پارەی ساختە بوونی هەبووە، بەڵام بەشێوەیەکی بەرفراوان نەبووە.