چەند كارت ماون؟

ئەمڕۆ دواڕۆژە بۆ وەرگرتنەوەی كارتی دەنگدان

ئەرسەلان عەبدوڵا

بە پێی بڕیاری كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، ئەمڕۆ دواوادەیە بۆ وەرگرتنەوەی كارتی بایۆمەتریی دەنگدان لەلایەن هاوڵاتیانەوە، هەرچەندە پێشتر بڕیارێك هەبوو تا رۆژی دەنگدانی گشتی بەردەوام بێت.

كۆمیسیۆنەكە، كە سەرپەرشتیی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دەكات، لە گرووپی واتساپی رۆژنامەنووسانی تایبەت بە هەڵبژاردن رایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە 15.10.2024، لەگەڵ كۆتاییهاتنی دەوامی فەرمی، وادەی وەرگرتنەوەی كارتی بایۆمەتری بۆ دەنگدان كۆتایی دێت.

ئەمە لە كاتێكدایە بەڕێوەبەری لقی هەولێری كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق مەروان محەمەد یەكشەممەی رابردوو 6.10.2024 بە تۆڕی 964ی راگەیاند، كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، رۆژی 20ی ئەم مانگەی دیاریكردووە وەك دواوادە بۆ وەرگرتنەوەی كارتەكانی دەنگدان لە لایەن هاوڵاتییانەوە.

بەڵام ئەوكاتیش وتی، ئەم بڕیارە ئەگەری هەیە گۆڕانكاری بەسەردابێت.

چەند كارت وەرنەگیراونەتەوە؟

بە وتەی نەبەرد عومەر بەرپرسی هەڵبژاردنەکانی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، كە دوێنێ بۆ میدیاكان قسەی كرد، ئێستە نزیکە 112 هەزار کارتی بایۆمەتری لە ئۆفیسەکانی دهۆک، سلێمانی، هەولێر ماونەتەوە.

وتیشی، لە دهۆک 12 هەزار کارت، لە سلێمانی 73 هەزار و لە هەولێریش 27 هەزار کارتی بایۆمەتری ماون و هاوڵاتیان نەچوون بۆ وەرگرتنەوەی.

ئاشكراشی كرد، ئەو كارتانەی وەرنەگیراونەتەوە، دەگەڕێنرێنەوە بۆ بەغدا.

لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا کۆی گشتیی ژمارەی دەنگدەران دوو ملیۆن و 899 هەزار و 878 کەسە، لەو ژمارەیە دوو ملیۆن و 683 و 618ـیان دەنگدەری گشتین و 215 هەزار و 960ـیشیان دەنگدەری تایبەت.

رۆژی 20ی ئەم مانگە هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەدەچێت و رۆژی 18ی مانگیش پرۆسەی دەنگدانی تایبەت دێتە ئەنجامدان.