بەردی بناغەی دوو پڕۆژە لە عەنكاوە دانرا، فۆتۆ: وەزارەتی شارەوانی
دوو پڕۆژە لە عەنكاوە دروست دەكرێن
ئەوانەی زەوییەكانیان بەر سەربازگەی كۆن و فڕۆكەخانەی هەولێر كەوتووە قەرەبوو دەكرێنەوە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
لە قەزای عەنکاوە، بەردی بناغەی پڕۆژەی ( بیت حدیاب) بۆ دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ خەڵکی کەمدەرامەتی عەنکاوە و دروستکردنی پارکی گەنناسا دبابل دانران، سەرۆك وەزیرانی كوردستانیش رایگەیاند ئەوانەی زەوییەكانیان بەر فڕۆكەخانەی هەولێر و سەربازگەی كۆن كەوتووە، قەرەبوو دەكرێنەوە.
رێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی هەردوو پڕۆژە، ئەمڕۆ دووشەممە 14.10.2024 بەڕێوەچوو، بە گوێرەی قسەكانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان مەسرور بارزانی، كە لە رێوڕەسمەكەدا ئامادەبوو، 720 یەکەی نیشتەجێبوون بۆ خەڵکی کریستیانی عەنکاوە دروست دەكرێت، کە ئەوانەی کرێنشین و هەژار و کەمدرامەتن بە نرخێکی زۆر گونجاو و بە قیستی درێژخایەن پێیان دەدرێت.
هاوكات ئاماژەی بەوەش كرد، پڕۆژەی دووەمیش دروستکردنی پارکێکە لە عەنکاوە کە دەبێتە یەکێک لە پارکە گەورەکانی عەنکاوە کە لە سەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان دروست دەکرێت، كە لە چەندین بەش پێکدێت، وەک شوێنی یاریی منداڵان، شوێنی وەرزشکردن و شوێنی پارکی ئۆتۆمبێل و نافورە.
سەرۆك وەزیرانی هەرێم، هەر لە رێوڕەسمەكەدا رایگەیاند، كێشە و گرفتی ئەو هاوڵاتییانەی زەوییەکانیان بەر سەربازگەی پێشووی رژێمی عێراق و فڕۆکەخانەی هەولێر کەوتوون و زیانیان پێکەوتووە، بە پێی ئەنجامی ئەو لیژنەیەی بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە پێکهێنرا، بە شێوەیەكی دادپەروەرانە هەموویان قەرەبوو دەکرێنەوە.