لە دەروازەى مونزرییەوە دەستپێدەکات
رێگای نێودەوڵەتی ئێران – عێراق نۆژەن دەکرێتەوە
964+
راژان باجەڵان – خانەقین
رێگای نێودەوڵەتی ئێران – عێراق لەسەر بودجەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن نۆژەن دەکرێتەوە کە زۆربەی دەکەوێتە قەزای خانەقین .
ئەندازیار عەلی تارق، بەرێوەبەری فەرمانگەی رێگاوبانی خانەقین بە 964ـى وت، درێژی ئەم رێگایە 90 کیلۆمەترە و لە دەرگای دەروازەى مونزرییەوە دەستپێدەکات تا دەگات بە فەیلەق لە نزیک قەزای شارەبان، ئێستاش هەنگاوی یەکەمی لە یەک ساید دەستیپێکردووە کە کڕاندنی رێگاکەیە و پاشان دووبارە قیرتاوکردنی و بۆ هەنگاوی دووەم سایدی بەرامبەریش بەهەمان شێوە کاری تێدا دەکرێت.
پەیامنێری 964 لەبارەی گوژمە و کاتی خایاندنی ئەم پڕۆژەیە لەگەڵ هەریەک لە قایمقامییەت و شارەوانی شارەکەش قسەی کرد، بەڵام زانیاری پێویستیان نییە و فەرمانگەی رێگاوبان کە سەرپەرشتیاری ئەم پرۆژەیەن ئامادە نەبوون ئاشکراى بکەن.
ئەم رێگایە بە یەکێک لە گرنگترین رێگا ستراتیژییەکانى پارێزگای دیالە دادەنرێت کە وڵاتی ئێران و باکوری عێراق و هەرێمى کوردستان بە ناوەڕاست و خواروی عێراق دەبەستێتەوە و رۆژانە هەزاران ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر و جموجۆڵی هاوڵاتیان لەسەر ئەم رێگایەیە .
پێداچوونەوە: وریا فەتاح