کۆبوونەوەی شاندی ژوورە بازرگانییەکان و پیشەسازکارانی عێراق _ وێنە: لە ژووری بازرگانی هەولێر وەرگیراوە
لیژنەی هاوبەش دروستدەکەن
ژوورە بازرگانییەکان لە بەغدان و دەیانەوێ رێگری بازگەکان چارە بکەن
964+
ئەحمەد مستەفا
شاندێکی ژوورە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان کە بەسەردانێک لە بەغدان، لەگەڵ پیشەسازکارانی عێراق کۆبوونەوە و بڕیاریان داوە لیژنەیەکی هاوبەش پێکبهێنن بۆ چارەسەر بەردەم هەناردەی بەرهەم لە شارەکانی هەرێمی کوردستانەوە بۆ عێراق.
شاندی ژوورە بازرگانییەکانی هەرێمی کوردستان لە ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە بەشدارن، ژووری بازرگانی و پیسەسازی هەولێر لە بڵاوکراوەیەکدا دەڵێت، بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی پیشەسازکارانی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ یەکێتی پیشەسازکارانی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە 14.10.2024 کۆبوونەتەوە.
بە گوێرەی بڵاوکراوەکە، لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکە گفتوگۆ کراوە لەسەر رێگریکردنی بەرهەم و کاڵاکانی پیشەوەر و بازرگانانی هەرێمی کوردستان لە لایەن بازگەکانی عێراق و هەروەها هەوڵدان بۆ سوودمەندبوونی پیشەوەرانی هەرێم لە ماف و ئیمتیازاتەکان هاوشێوەی پیشەوەرانی ناوەڕاست و باشووری عێراق.
عادل عگاب، سەرۆکی یەکێتی پیشەسازکارانی عێراق پشتگیری خۆی بۆ داواکارییەکان نیشانداوە، لە بڵاوکراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە،”بە مافێکی رەوای خۆیانی نیشاندا و بەڵێنی داوە بە پێکهێنانی لێژنەیەکی هاوبەش لە هەردوولا بۆ ئەوەی لە نزیکترین کاتدا کێشەکان چارەسەر بکەن و داواکارییەکان جێبەجێ بکەن”.
ناو بەناو لە بازگەکانی، چوونە ناو موسڵ، کەرکوک، سەڵاحەدین و دیالە، رێگری لە کاڵا و بەرهەمی بازرگانانی هەرێمی کوردستان دەکرێ بۆ چووونە ناو شارەکانی عێراق، هەندێکجار بە باجێکی زۆر یان بەهۆکاری نەبوونی مۆڵەت بارهەڵگرەکان دەگێڕنەوە، ژوورە بازرگانییەکان مەبەستیانە ئەو گرفتە بنەبڕ بکەن.