بەرهەمەکەى باش بووە
برنجى باتاس گۆڵى خۆى کرد
ئاکام غەفور-سۆران
جوتیارانى باتاس دڵخۆشن، چونکە رەنج و ماندووبونیان بەخەسار نەچووە و وەک خۆیان دەڵێن، برنجەکەیان زۆر باشە و بەرهەمى باشیان هەبووە.
ئێستا کە کاتی دروێنەی مەرەزە لە دەشتی هەریر و باتاس دەستیپێکردووە، جوتیاران دڵخۆشن بە بەرهەمەکە، عەبدولواحید حەسەن، جوتیارێکی باتاسە و قسەى بۆ 964 کرد و وتى،”ئەمساڵ ئاوى باش هەبوو بۆیە بەرهەمی برنجەکەش باش بووە، هەرچەندە لەو کۆتاییانە رەشەبا برنجەکەى خست، بەڵام بە گشتى بەرهەم زیادى کردووە”.
“برنجەکەمان بەناوبانگە، بە ئاوێکی سازگار ئاو دەدرێت ئەمەش وایکردووە بەتامتر بێت، خەڵکی لە ناوچەکانی تری کوردستان دێن بۆ کڕینی”، جوتیارەکەى باتاس واى وت.
بەپێی وتەی جوتیاران دوو جۆری برنج لە دەشتی هەریر و باتاس دەکرێت، کە برنجی سەدری و برنجی دەنک خڕی کوردییە و ساڵانەش لەو ناوچەیە زیاتر لە 300 دۆنم زەوی دەکرێت بە برنج.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح