دیمەنێك لە دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەكە، فۆتۆ: پارێزگای هەولێر
بەردی بناغەی دانرا
پردێكی 10 چاوە لە كۆڕنیشی هەولێر دروست دەكرێت
ئەرسەلان عەبدوڵا
پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، بەردی بناغەی پردێكی 10 چاوە لە گەڕەكی رۆشنبیریی هەولێر دانرا، كە بۆ كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی لافاو دەبێت.
ئەمڕۆ شەممە 12.10.2024 لە گەڕەكی رۆشنبیری لە هەولێر و لەسەر شەقامی كۆڕنیش، بەردی بناغەی پرۆژەی دروستکردنی پردی 10 چاوە دانرا.
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر بە 964ی وت، “پردەكە لە شێوەی سندوقی ئامادەكراوە و لە 10 چاوە پێكدێت، بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەكانی لافاوە لە شاری هەولێر”.
پردەكە دەكەوێتە نزیک مزگەوتی حاجی ئیبراهیم مەنتک، بڕی پارەی تەرخانكراویش بۆ پڕۆژەكە 177 ملیۆن و 700 هەزار دینارە و لە سەر بودجەی پارێزگای هەولێر دەست بە جێبەجێکردنى دەکرێت.
تەواوكردنی پردەكە 120 رۆژی بۆ دانراوە و دروستكردنی پردەكە دەكەوێتە نزیك ئەو شوێنەی، كە دوو ساڵ لەمەوبەر لافاوێكی گەورەی بەخۆیەوەبینی و تێیدا دوو كەس گیانیان لەدەست دا و زەرەر و زیانێكی زۆریشی بە ماڵ و موڵكی هاوڵاتیانی گەڕەكی رۆشنبیری و ناحیەی دارەتوو گەیاند.