هاتوچۆی‌ هه‌ولێر كه‌لێنی‌ تێكه‌وتووه‌

میدیازان – عەلی زەیتۆ – هەولێر

دوو مانگ زیاترە بەشێکی شەقامی ٦٠ مەتری له‌هه‌ولێر داخراوەو ئاسته‌نگیی هاتووچۆ بۆ ئه‌و سه‌دان ئۆتۆمبێله‌ دروست بووه‌ كه‌ به‌و رێگایه‌دا تێده‌په‌ڕن.

کارکردن بۆ فرانکردنی ئاوەڕۆی هەولێر گەیشتە شەقامی بازنەیی ٦٠ مەتری، کە شاڕێی هاتوچۆیە لە هەولێر. فازڵ حاجی، وتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆ لە دووی ئابی رابردوو رایگەیاند کە شەقامی ٦٠ مەتری لای سایلۆ تا سێ ڕیانی لەیلا قاسم، بۆ ماوەی مانگێک دادەخرێت.

بەقسەی فازڵ حاجی بووایە دەبووایە لە دووی ئەیلول شەقامەکە بکرێتەوە، ئەمڕۆ پێنج شەممە شەشی تشرینی یەکەمەو مانگێک زیاتر بەسەر وادەکە تێپەڕیوەو شەقامەکەش نەکراوەتەوە.

سەربەست كەریم، ئەندازیاری سەرپەرشتیاری پڕۆژەكە بە میدیازانی راگەیاند، پڕۆژەكە گەیشتووەتە قۆناغی كۆتایی و هەفتەیەکی تر تەواو دەبێت.

پەیامنێری میدیازان کە سەردانی مەیدانی شوێنەکەی کردووە، دەڵێ، هەست بە سستی لە ئیشکردن لە پڕۆژەکە دەکرێت، کەمترین کرێکارم لەوێ بینی.

بەهۆی رێگا گرتنەکە، شوفێران ناچارن رێگەی جێگرەوە بەکار بێنن. سەعید سدیق، شۆفێری تەکسییە دەڵێ، داخستنی شەقامەکە قەرەباڵغی زۆری دروست کردووەو بەهۆیەوە پێنج تا دە خولەک لە کار دوامان دەخات.

شەقامی بازنەیی ٦٠ مەتری، شا شەقامی هەولێرەو زۆرترین هاتوچۆی لەسەرە.  سەمیر مستەفا کە پۆلیسی هاتوچۆیە لە ترافیکی شوێنی داخرانەکە، دەڵێ لە کاتژمێرێکدا زیاتر لە هەزار ئۆتۆمبێل لیرە تێدەپەڕن.