دیمەنی مەرزی شوشمێ
کاتەکەی بزانە
هاتوچۆی ئۆتۆمبێل لە دەروازەی شوشمێ دەکرێتەوە
964+
ئەمەل ناجی – ھەڵەبجە
بڕیارە تا مانگێکی دیکە هاتوچۆی ئۆتۆمبێل لە دەروازەی شوشمێ لە سنووری شارەدێی تەوێڵە بکرێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 9.10.2024 لە دیوانی قایمقامیەت، قایمقامی ھەڵەبجە لەگەڵ ھاوتا پاوەییەکەی لەسەر کێشە و گرفتەکانی دەروازەی سنووری شوشمێ کۆبوونەوە، گرنگترین تەوەری دیدارەکەش، ھاتوچۆی ھاوڵاتیان بوو بە ئۆتۆمبێلی خۆیان بۆ ناو خاکی ھەردوو وڵات لەڕێی ئەو دەروازەیەوە.
عەلیڕەزا حەیدەری قایمقامی پاوە بە میدیاکانی ئامادەبووی کۆبوونەوەکەی رایگەیاند، “لەسەر راسپاردەی قایمقامی ھەڵەبجە، ئەمڕۆ کۆبووینەوە و باسمان لەو کێشانە کرد کە لە نێوان ھەردوولادا ھەیە، لە بواری بازرگانی و ھاتوچۆی ھاوڵاتیان، بۆ ئەوەی بتوانین چارەسەرییان بکەین”.
سەبارەت بە ھاتوچۆی ھاوڵاتیان بە ئۆتۆمبێلی خۆیان لە خاڵی سنووری شوشمێوە، عەلیڕەزا حەیدەری، وتی:” ئەمە گرنگترین تەوەری کۆبوونەوەکەمان بوو، تا مانگی داھاتوو، ئەم کێشەیەش چارەسەر دەکرێت و ھاوڵاتیانی ھەردوو وڵات دەتوانن بە ئۆتۆمبێلی خۆیان بچنە ناو خاکی وڵاتی دراوسێوە”.
سەبارەت بە رێکارەکان و تێچووی بردنی ئۆتۆمبێل، نوخشە ناسح قایمقامی ھەڵەبجە وتی، “ھەمان ئەو رێکار و تێچووەیە کە لە دەروازەکانی دیکەدا ھەیە و ھیچ جیاوازییەکی نییە”.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری