گەورەترین پرۆژەی ماسی لە پارێزگای دهوک دروست دەکرێت

964+
هیڤی دێوالی

گەورەترین پرۆژەی ماسی کە تەواوکەری سامانی ماسیە لە هەرێمی کوردستان و عیراق، لە چەند مانگی داهاتوودا دەکەوێتە کار بە توانای بەرهەمهێنانی 1200 تۆن ماسی لە پارێزگای دهۆک.

رێدیر سدقی، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵی لە پارێزگای دهۆک بە تۆڕی 964 راگەیاند، پرۆژەی ماسی دهۆک گەورەترین پرۆژەی ستراتیژییە لە هەرێمی کوردستان و عیراق، کە پرۆژەکە لەسەر رووبەری 157 دۆنم زەوی وشک و رووبەری ئاو 72 دۆنم جێبەجێ دەکرێت. شوێنی پرۆژەکە لە قەزای سێمێل لەسەر ناحیەی فایدە لە سەر بەنداوی موسل دەکەوێت.

رێدیر سدقى دەڵێت، پرۆژەی ستراتیژی بەرهەمی ماسی کە پێکدێت لە هەڵهێنەری ماسی، حەوزی خول، بەخێوکردنی ماسی بە شێوەی قەفەز، هەروەها کارگەی ئالیک و تاقیگە، بەناوی براندی (بلاد الرافدین) کە جۆری ماسی قوناغی یەکەمدا کارب بەرهەم دەهێنن و لە قوناغى دووەمدا (سەلەمون – کاڤیار) بەرهەم دەهێنن.

 پرۆژەکە لە قوناغى یەکەمدا 20 قەفەس لەخۆدەگریت بە پانی 30 مەتر و قوڵایی 6 مەتر و هەر قەفەسێک توانای 60 تۆنی هەیە لە ساڵێکدا واتە کۆی گشتی بەرهەمهێنان لە ساڵێکدا دەگاتە 1200 تۆن ماسی.

پرۆژەکە لەسەر رووبەرەکەی لە 30 دۆنم دروست دەکرێت و لە ئێستا دا سەدا 50 کارەکانی تەواوبووە.