"لە بەردەرگا پاڵیان داوەتەوە و پەلامار دەدەن"

سەگی بێلانە کۆڵان و گەڕەکی رۆشنبیرییان داگیر کردووە

دەشتی عارف ـ هەولێر

سەگی بێلانە دانیشتووانی گەڕەکی رۆشنبیرییان لە شاری هەولێر هەراسان کردووە و شارەوانیش دەڵێت، چەند هەڵمەتێکیان بۆ گرتنی سەگەکان دەستپێکردووە.

رەوەز وەیسی دانیشتووی گەڕەکی رۆشنبیری بە 964ـی وت، “سەرەتا تەنها چەند سەگێکی کەم بوون بەڵام تادێت ژمارەیان زۆرتر دەبێت و پەلاماری هەموو شتێکیش دەدەن”.

هاوکات بەڵقیس تەها کە مامۆستایە و رۆژانە هاتوچۆی قوتابخانە دەکات، دەڵێت،  “رۆژی واهەیە درەنگ دەکەوم بۆ قوتابخانە، چونکە ناتوانم لە ماڵ بێمە دەرەوە و  سەگەکان لە بەردەم دەرگا پاڵیان داوەتەوە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، زۆربەی قوتابییەکان یەک بۆ دوو کۆڵان لە قوتابخانەکەوە دوورن، بەڵام لە ترسی سەگەکان بە پاس هاتوچۆ دەکەن.

سەبارەت بەو پرسە رەوەند قادر سەرۆکی شارەوانی دارەتوو بە 964ـی وت، “چەند جارێک هەڵمەتمان بۆ گرتن و بردنی سەگەکان بۆ شێڵتەرەکان دەستپێکردووە، بەڵام دووبارە لە سنورەکانی دەرەوەی ناحیەی دارەتوو دێنەوە، چونکە دەورووبەری ناحیەکە چۆڵە و شوێنێکی گونجاوە بۆ زیادبوونی سەگەکان”.

وتیشی، لە هەفتەی داهاتووەوە جارێکی تر لەگەڵ لیژنەیەک دەست دەکەن بە گرتن و بردنی سەگەکان بۆ شێڵتەرەکان.

پێداچوونەوە: شۆڕش قادری