پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە - چەمچەماڵ

بۆرییەكانی گەیشتوون و ئێستاش كار لە خەزانەكانی دەكرێت

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

وەزارەتی شارەوانیی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، كاركردن لە پڕۆژەی ستراتیژیی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ بەردەوامە، تا ئێستا دیزاینی پڕۆژەكە تەواو بووە و كار لە كۆنكرێتكردنی خەزانەكان و خۆڵكاری و ئامادەكاری بۆ راكێشانی هێڵی كارەباكەی دەكرێت.

سەرچاوەكە ئەمڕۆ سێشەممە 8.10.2024 ئەوەشی بڵاوكردەوە، بۆریەكانی پڕۆژەكەش گەیشتوونەتە سەر پڕۆژەكە.

وەزارەتی شارەوانی راپۆرتێكی لە بارەی كارەكانی پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ بڵاوكردووەتەوە و ئاماژەی بەوەداوە، پارەی پڕۆژەكە 114 ملیار دینارە و لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە دابین دەكرێت.

هاوكات ئەو كارانەیان باسكردووە، كە تا ئێستا لە پڕۆژەكە ئەنجامدراون.

وەزارەتەكە دەڵێت، بەپێی راپۆرتێكی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە رۆژی دەستبەكاربوونی پڕۆژەی ئاوی چەمچەماڵ لە 12.8.2024 تا ئێستا، كاری رووپێوی بە رێژەی 90% تەواو كراوە و پشكنینی خاك بە رێژەی 100% تەواو كراوە. هەروەها دیزاینی هەردوو حەوزی ئاغجەلەر و تەكیە و كۆنكرێتكردنی بناغەی شیشداری حەوزی 1000م3ی ئاغجەلەر تەواو بوون، بەستنی شیشكاری حەوزی 1000م3 ئاغجەلەر تەواو بووە و ئێستا ئامادەكراوە بۆ كۆنكرێتكردن، هەڵكەندن و كۆنكرێتكردنی حەوزی تەكیە تەواو بووە و هەڵكەندنی حەوزی 15000م3 دەستیپێكردووە و دیزاینی 28كم لە هێڵی ناقلی ئاو لە قۆناغی كاركردندایە.

بە وتەی وەزارەتی شارەوانی، پڕۆژەكە چەمچەماڵ و دەوروبەری لە كێشەی كەمئاوی ڕزگار دەكات، كە ساڵانێكە كێشەیان هەیە.

گرێبەستی پڕۆژەكە رۆژی 24.6.2024 له‌ نێوان وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار و كۆمپانیای هابیكا واژۆ كرا، دواتر لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە فەرمانگەیەكی ئەندازیاری بۆ جێبەجێكردنی كارەكانی پرۆژەكە دامەزرێندرا.

پڕۆژەكە توانای به‌رهه‌مهێنانی 3400م3 ئاوی خواردنەوەی له‌ یه‌ك كاتژمێردا هه‌یه، هەروەها ئاوی خاوێن دەگەیەنێتە قەزای چەمچەماڵ و ناحیە و گوندەكانی دەوروبەری.

پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە - چەمچەماڵ کارکردن تیایدا بەردەوام...

پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە - چەمچەماڵ کارکردن تیایدا بەردەوامە