لە تەقتەق

ماسییەک منداڵێکی رەوانەی نەخۆشخانە کرد

گۆڤەند فەتاح – کۆیە

لە ناحیەی تەقتەق ماسییەک منداڵێکی بریندار کرد و رەوانەی نەخۆشخانەی کرد.

شەوی رابردوو لە ناحیەی تەقتەق باوک و کوڕێک بە مەبەستی راوەماسی چوونەتە یەکێک لە حەوزی غەسالەکانی سنوورەکە و دواتر جۆرە ماسییەکیان گرتووە کە پێی دەوترێت “جوڕڕە”، کە دوو کەڵبەی تیژی هەیە، لە کاتی سەرقاڵبوونی باوکی بە ماسیگرتنەوە، منداڵەکە کە تەمەنی 13 ساڵە، دەستی لە ماسییەکە داوە و بەهۆیەوە دەست و قۆڵی بریندار بووە و رەوانەی نەخۆشخانە کراوە.

زانا ئەحمەد، کارمەند لە نەخۆشخانەی گشتی تەقتەق، بە 964ـی وت، “ماسییەکە گازی لە قۆڵ و دەستی منداڵەکە گرتبوو و قۆڵی بریندار کردبوو، دوای وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی نەخۆشخانەی جێهێشتووە و لە ئێستادا باری تەندروستی زۆر باشە”.

“ئەو جۆرە ماسییە دوو کەڵبەی تیژی هەیە و شیاوی خواردن نییە، کاتێک باوکی ماسییەکەی گرتووە، بە کوڕەکەی وتووە دەستی لێنەدات، بەڵام بە گوێی نەکردووە و دەستی لێداوە و بریندار بووە”، زانا ئەحمەد وای وت.

لە ناحیەی تەقتەق چەندین حەوز و گۆمی ئاوی کارگەکانی غەسالەی لێیە، هەندێک جار خەڵکی ناوچەکە بە مەبەستی مەلەکردن و راوە ماسی دەچنە ئەو شوێنانە و تووشی حاڵەتی نەخوازراو دەبن.

پێداچوونەوە: شۆڕش قادری