"دروستكردنى خانووى ته‌جاوز هۆكاره‌"

نرخی بلۆك گران بووه‌ و هه‌ر جووتێك 200 دینارى چووه‌ته‌ سه‌ر

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

ده‌نگۆى گرانبوونى نرخى بلۆك لە سنووری ئیدارەی راپەڕین گه‌یشته‌ 964، به‌ڵام هه‌ر به‌ ته‌نیا ده‌نگۆ بوو به‌بێ ئه‌وه‌ى باس له‌ هۆكاره‌كه‌ى بكرێت، دواى سۆراغكردن ده‌ركه‌وت گرانبوونى نرخه‌كه‌ى راسته‌ و بۆ هه‌ر جووت بلۆكێك 200 دینارى چووه‌ته‌ سه‌ر.

سنوورى ئیداره‌ى راپه‌ڕین ژمارەیەكی زۆری كارگه‌ى دروستكردنى بلۆكى لێیه‌، به‌پێی زانیاریه‌كانیش كه‌ ده‌ست 964 كه‌وتووه‌، گرانبوونى نرخه‌كه‌ زۆربه‌ى كارگه‌كانى راپه‌ڕینى گرتووه‌ته‌وه‌.

راهۆز مه‌نگوڕى، خاوه‌نى كارگه‌ى بلۆكى رانیه‌ له‌ حاجیاوا، بۆ 964 پشتڕاستی كرده‌وه‌ كه‌ نرخى جووتێك بلۆك 200 دینارى چووه‌ته‌ سه‌ر، هۆكاره‌كه‌شی بۆ ئه‌وه‌ گه‌ڕانده‌وه‌، كه‌ ئه‌و ماوه‌یه‌ داواكارییه‌كى زۆر له‌سه‌ر كڕینى بلۆك هه‌یه‌.

وتیشی “پێشتر جووتى بلۆك به‌ 650 دینار بوو ئێستا‌ بووه‌ته‌ 850 دینار، زۆربه‌ى ئه‌و بلۆكانه‌ى له‌ كارگه‌كه‌مان داواده‌كرێن بۆ سنوورى سلێمانى ده‌برێن”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد، نرخى یه‌ك تۆن چیمه‌نتۆ له‌ بازیان و تاسڵوجه‌ نزیكه‌ى چوار دۆلار گران بووه‌، بۆیه‌ ئه‌وانیش نرخه‌كه‌یان گران كردووه‌.

شۆفێری بارهه‌ڵگرێكیش كه‌ كارى گواستنه‌وه‌ى بلۆك له‌ كارگه‌كانى سنوورى حاجیاوا و چوارقوڕنه‌ ده‌كات، به‌ 964ـى وت، ماوه‌ى دوو هه‌فته‌یه‌ نرخى بلۆك گران بوو، هۆكاره‌كه‌شی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌هۆى هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ چاوپۆشی له‌ دروستكردنى خانووى ته‌جاوز ده‌كرێت.

ئه‌و شوفێره‌ ناوى له‌ 964 پارێزراوه‌، باس له‌وه‌ ده‌كات، گرانكردنى ئه‌م نرخه‌ به‌هۆى خواستى زۆره‌ له‌ سه‌ر كڕینى بلۆك و خاوه‌ن كارگه‌كانیش خۆیان ئه‌و نرخه‌یان زیاد كردووه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ى مه‌وادى دروستكردنى بلۆك گران بووبێت.

ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد، له‌ ماوه‌ى ئه‌م دوو هه‌فته‌یه‌دا رۆژانه‌ لانیكه‌م 50 گه‌ڵابه‌ بلۆك له‌ كارگه‌كانى حاجیاوا و چوارقوڕنه‌ براون بۆ ناو سنوورى راپه‌ڕین، سلێمانى، كۆیه‌ و ئیداره‌ى سۆران، ده‌شڵێت “ئه‌گه‌ر ئێستا یه‌كێك بیه‌وێت بلۆك بكڕێت پێویسته‌ ناوى له‌سه‌ره‌ بنووسێت تا نۆره‌ى ده‌گاتێ”.

لای خۆیه‌وه‌ ئه‌زوه‌ر جه‌عفه‌ر، قایمقامى قه‌زاى حاجیاوا‌ (كه‌ تا ئێستاش ده‌سه‌ڵاتى به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ جێبه‌جێ ده‌كات) بۆ 964 نه‌یشارده‌وه‌ كه‌ گرانبوونى نرخى بلۆكى له‌ سنوورى قه‌زاكه‌ى زانیوه‌، به‌ڵام ده‌ڵێت “تا به‌دواداچوون نه‌كه‌م نازانم هۆكاره‌ راسته‌قینه‌كه‌ى چییه‌”.

وتیشی “ماوه‌یه‌ك پێش ئێستا چه‌ندین كارگه‌ به‌هۆى بێكارییه‌وه‌ له‌ سنووره‌كه‌مان داخران، ئێستاش كه‌ نرخه‌كه‌ى گران بووه‌ دیاره‌ داواكارى و خواستى له‌سه‌ر هه‌یه‌”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد، به‌دواداچوون ده‌كه‌ن له‌سه‌ر گرانبوونى نرخه‌كه‌ى ئه‌گه‌ر نرخ به‌پێی كوالێتى بلۆك نه‌بێت لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن.

له‌ سنوورى ئیداره‌ى راپه‌ڕین زیاتر له‌ 80 كارگه‌ى بلۆك هه‌یه‌، كه‌ زۆرترینیان كه‌وتوونه‌ته‌ چوارقوڕنه‌ و حاجیاوا كه‌ ژماره‌یان ده‌گاته‌ 65 كارگه‌.

بە تۆمەتی زیادەڕۆیی هاوڵاتیەک دەستگیر کرا

بە تۆمەتی زیادەڕۆیی هاوڵاتیەک دەستگیر کرا