بزانە چی پێبووە؟

ئیسرائیل فڕۆکەیەکی ئێرانی لە ئاسمانی عێراقەوە گەڕاندەوە وڵاتەکەی

شۆڕش قادری

ئیسرائیل فڕۆکەیەکی ئێرانی لە ئاسمانی عێراقەوە گەڕاندەوە وڵاتەکەی کە چەکی پێبووە و ویستوویەتی بیبات بۆ حیزبوڵا.

رۆژنامەی تایمزی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ شەممە 5.10.2024 فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگر کە لە تارانەوە بە ئاسمانی عێراقدا فڕیوە، هێزی ئاسمانی ئیسرائیل هۆشداری پێداوە و داوای لێکردووە دەبێت دەستبەجێ بگەڕێتەوە، ئەویش ئاسمانی عێراقی جێهێشتووە و رووی کردووەتەوە تاران.

بە قسەی ئیسرائیلییەکان فڕۆکەکە چەکی پێبووە و ویستوویەتی بیبات بۆ حیزبوڵای لوبنان بۆیە رێیان لێ گرتووە.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، گەمارۆی سەربازی بۆ سەر لوبنان بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوام دەبێت و ئیسرائیلیش هۆشداری داوە کە هەر هەوڵێکی ئێران بۆ گواستنەوەی چەک بۆ حیزبوڵا لە ڕێگەی فڕۆکەخانە مەدەنییەکانەوە پوچەڵ دەکاتەوە.