شارەوانی دەڵێت کۆیدەکەنەوە

زیاتر لە دوو هەزار شوشە لە چەمێکی پێنجوێندا فڕێدراوە

+964

کامیار کەمال- پێنجوێن

لە چەمێکی گوندی سەرسوراوی قەزای پێنجوێن زیاتر لە دوو هەزار شوشە فڕێدراوە و پێدەچێت پاشماوەی مارکێتێک بێت.

هونەر عارف ئەو کەسەی ڤیدیۆکەی بۆ 964 گرتووە رایگەیاند، دیمەنێکی زۆر ناشارستانی بینیوە و دیاردەیەکی ناشرینە و زیانیشی بۆ ژینگە هەیە بە تایبەت فڕێدانی پاشماوە لە ناو چەمدا دەبێتە زیان بۆ کۆمەڵگای زیندەیی.

وتیشی، سەرەڕای ئەوەی نابەرپرسانە شوشەکان فڕیدراون بەڵام دەبێت هەم هاوڵاتیان هەستی بەرپرسیارێتیان هەبێت و هەمیش حکومەت کارگەی ریسایکلینی هەبێت بۆ ئەوەی بتوانێت سود لەو مادانە وەربگرێتەوە و ژینگەش لە پیس بوون بپارێزێت.

“جگە لە شوشە چەندین پاشماوەی دیکەی وەک پلاستیک و مقەبا و کاغەزی خواردەمەنی لەوێدا فڕێدراوە” هونەر وای وت.

رەوف رەشید سەرۆکی شارەوانی پێنجوێن بە 964ـی راگەیاند، تیمی کۆمپانیایی پاککەرەوەی تایبەت بە پێنجوێن دەنێرنە جێگاکە بۆ ئەوەی پاکی بکەنەوە.

وتیشی، چەندین جار هۆشداری و ئاگاداریان بە هاوڵاتیان داوە بۆ ئەوەی ژینگە بپارێزن بەڵام بەردەوام لەسەر شەقامەکان دەبینن کە پاشماوەی لێ فڕێدراوە.

باسی لەوەشکرد، لە رووی یاساییەوە دەبێت پێبژاردن بەو جۆرە کەسانە بکرێت و کارێکی نایاساییە و دژی ژینگەیە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی

تەقتەق خەریکە ژێر زبڵ و خاشاک دەکەوێت

تەقتەق خەریکە ژێر زبڵ و خاشاک دەکەوێت