"هەرکات پێویست بکات لە ئیسرائیل دەدەینەوە"

عەلی خامنەئی: لەگەڵ عێراق و سوریا و لوبنان دوژمنێکی هاوبەشمان هەیە

شۆڕش قادری

عەڵی خامنەئی رێبەری ئێران رایگەیاند، لەگەڵ عێراق و سوریا و لوبنان و فەڵەستین و یەمەن دوژمنێکی هاوبەشیان هەیە کە ئیسرائیلە.

دوای نزیکەی پێنج ساڵ، ئەمڕۆ هەینی 4.10.2024 عەلی خامنەئی رێبەری ئێران وتاری نوێژی هەینی لە تاران پێشکەش کرد و تیایدا هێرشە موشکەییەکی چەند رۆژی رابردووی وڵاتەکەی بۆ سەر ئیسرائیل بە مەشروع و یاسایی وەسف کرد.

وتیشی، “ئێران و عێراق و سوریا و لوبنان و فەڵەستین و یەمەن و میسر دوژمنێکی هاوبەشیان هەیە و دەبێت پشتوێنی سەربەخۆیی لە ئێرانەوە تا غەززە و لوبنان و سەرجەم وڵاتانی ئیسلامی بە توندی گرێ بدەین”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “هەر وڵاتێک مافی خۆیەتی کە بەرگری لە خاک و نیشتمانی خۆی بکات و هێرشەکەی چەند شەوی رابردووی هێزە چەکدارەکانمان  بۆ سەر ئیسرائیل، بە تەواوەتی مەشروع و یاسایی بوو”.

عەلی خامنەئی دووپاتیشیکردەوە، لە بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان پەلە ناکەن و ناشڵەژێن، لێدانی ئیسرائیلیش خزمەتە بە سەرجەم مرۆڤایەتی و هەرکاتیش پێویست بکات، دووبارەی دەکەنەوە.