ئێران غاز بۆ عێراق نانێرێت

964+
هێمن بەکر

چەند رۆژێکە، ئێران هەناردەی غازی سرووشتی بۆ عێراق راگرتووە، کە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی حەوت هەزار و 500 مێگاوات کارەبا لە عێراق.

وەزارەتی کارەبای عێراق لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، لایەنی ئێرانی غازەکەی راگرتووە، بە هۆکاری چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی بۆرییەکان.

هەروەها دەڵێت، ئێران پێی وتووە تاوەکو 12 رۆژ هەناردەی غاز رادەگرێت و دواتر دەستپێدەکاتەوە.

لە هەمان کاتدا، عێراق بەردەوامە لە گفتوگۆ لەگەڵ سعودیە، ئوردن، تورکیا و وڵاتانی کەندا بۆ ئەوەی تۆڕی کارەباکەی ببەسترێتەوە بەو تۆڕەی ئەو وڵاتانە تیایدا بەشدارن.

لە عێراق بە گشتی 21 بۆ 22 هەزار مێگاوات کارەبا هەیە، کە نزیکەی سەدا 35ی بەهۆی غازی ئێران بەرهەم دەهێندرێت