"بۆمان نه‌كه‌ن هه‌ڵوێستى توندمان ده‌بێت"

ئه‌ندازیارانى كشتوكاڵى داواى ده‌رماڵه‌كانیان له‌ وه‌زاره‌تى دارایی ده‌كه‌ن

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

سه‌ندیكاى ئه‌ندازیارانى كشتوكاڵى دهۆك ده‌ڵێت تاوه‌كو دواى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مان ده‌وه‌ستن، ئه‌گه‌ر وه‌زاره‌تى دارایی بڕیارى خه‌رجكردنى ده‌رماڵه‌ پیشه‌ییه‌كه‌یان جێبه‌جێ نه‌كات، هه‌ڵوێستى تووندیان ده‌بێت.

كێشه‌ى خه‌رج نه‌كردنى ئه‌م ده‌رماڵه‌یه‌ ته‌نیا بۆ ئه‌ندازیارانى كشتوكاڵى دهۆك نییه‌، به‌ڵكو بۆ ته‌واوى ئه‌ندازیارانى كشتوكاڵى هه‌رێمی كوردستانه‌ كه‌ ژماره‌یان نزیكەی 10 هەزار ئەندامی هەیە.

به‌پێی نووسراوێكی ئه‌م سه‌ندیكایه‌ كه‌ له‌ رۆژى 24.4.2024 ئاڕاسته‌ى وه‌زاره‌تى كشتوكاڵى كردووه‌، ئاماژه‌ به‌ بڕیارێكی ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى حكومه‌تى فیدڕاڵى عێراق ده‌كات به‌ ژماره‌ 61 له‌ 26.2.2019 و نووسراوى ئه‌میندارێتى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران له‌ 3.3.2019 كه‌ ره‌زامه‌ندى دراوه‌ به‌ خه‌رجكردنى ده‌رماڵه‌ى پیشه‌یی بۆ ئه‌ندازیاران چ ئه‌وانه‌ى له‌ناو فه‌رمانگه‌ و وه‌زاره‌ته‌كان دامه‌زراون، چ ئه‌وانه‌ش سه‌ردانى پڕۆژه‌كان ده‌كه‌ن.

به‌ڵام له‌ رۆژى 12.8.2024 وه‌زاره‌تى دارایی هەرێم وه‌ڵامى ئه‌و داواكارییه‌ى سه‌ندیكاكه‌ى داوه‌ته‌وه‌ و ده‌ڵێت “ده‌رماڵه‌ى ئه‌ندازیارى به‌پێی رێنمایی داراییمان ژماره‌ 17ـى ساڵى 2013 ئه‌وانه‌ى ده‌رچووى كۆلیژى كشتوكاڵین نایانگرێته‌وه‌”.

ئه‌م وه‌ڵامه‌ى وه‌زاره‌تى دارایی، سه‌ندیكاكه‌ى توڕه‌كردووه‌ و هه‌روه‌ك نێچیرڤان حازم ئه‌رتوشی سه‌رۆكى لقی دهۆكى سه‌ندیكاكه‌ به‌ 964ـى راگه‌یاند، تاوه‌كو دواى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ى ئه‌مجاره‌ى په‌رله‌مان چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى وه‌زاره‌تى دارایی ئه‌م ده‌رماڵه‌یه‌ بۆ ئه‌ندازیارانى كشتوكاڵى بگه‌ڕێنێته‌وه‌، ده‌نا هه‌ڵوێستیان ده‌بێت.

وتیشی “سه‌ره‌تا به‌ هه‌ڵوێستى مه‌ده‌نى و یاسایی ده‌ستپێده‌كه‌ین، ئه‌گه‌ر پێویستیش بكات هه‌ڵوێستى تووند ده‌نوێنین”.

روونیشیكرده‌وه‌،  خه‌رجكردنى ده‌رماڵه‌ به‌مافى خۆیان ده‌زانن و ئه‌گه‌ر له‌حاڵێكدا له‌ هه‌رێم ئه‌و مافه‌یان پێنه‌درێت، ناچارن روو له‌ به‌غدا بكه‌ن.

به‌پێی ئه‌و ئاماره‌ى كه‌ لقی دهۆكی سه‌ندیكاى ئه‌ندازیارانى كشتوكاڵى به‌ 964ـى داوه‌، له ‌سنوورى پارێزگاى دهۆك دوو هەزار و  754 ئه‌ندازیاری ئه‌ندامیان هه‌یه‌.

پێشتریش كاوە عەبدولكەریم، سه‌رۆكى سه‌ندیكاكه‌ به‌ 964ـى وتبوو، دەرماڵەكانیان لە نێوان 30 هەزار بۆ 50 هەزار دینار بوو، تا ئێستاش ئەمجۆرە دەرماڵەیە لە عێراق بۆ ئەندازیارانی كشتوكاڵی خەرجدەكرێت و هیچ كاتێك نەبڕدراوە.

سەندیكای ئەندازیارانی كشتوكاڵی لە ساڵی 1998 دامەزراوە، پێش بەستنی یەکەم کۆنگرەی بە یەکێتی ئەندازیارانی کشتوکاڵی ناسرا بوو، به‌ڵام لە یەکەم کۆنگرەیدا لەساڵی 2000 ناوەکەی گۆڕا بۆ سەندیکای ئەندازیارانی کشتوکاڵی و تاوه‌كو ئێستاش سێ كۆنگرەی ئەنجام داوە.

(هه‌نار و هه‌نگوین و زەیت)ى زاخۆ هه‌نارده‌ وڵاتى قه‌...

(هه‌نار و هه‌نگوین و زەیت)ى زاخۆ هه‌نارده‌ وڵاتى قه‌ته‌ر ده‌كرێن